دوای ئەوەی ئەم وەرزە دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی هەولێر بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ ڕاهێنەری شارەكە سەمەد جەوهەر مۆركرد بۆ بەهێز كردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەی و بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكەدا، بەڵام دوای ئەوەی لە حەوت یاری ڕابردوودا یانەی پێشمەرگەی هەولێر تەنیا یەك خاڵی كۆكردۆتەوە، ئەم ئەنجامەش جێی دڵخۆشی دەستەی كارگێڕی یانەكە نەبووە بۆیە لەسەر رێكەوتنی نێوان ڕاهێنەری ناوبراو و دەستەی كارگێڕیی یانەكە بڕیاری دەست لە كاركێشانەوەی ڕاهێنەر پەسند كرا، لە ئێستاشدا یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەدوای ڕاهێنەردا دەگەڕێت بۆ هێنانی ڕاهێنەرێكی بەتوانا بۆ سەرپەرشتی كردنی تیپی پێشمەرگە لەم دە یارییەی ماوە لە خولی نایابی كوردستان، لەم بارەشەوە نیهاد عادل جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئەوەی ڕاستی بێت ئەوە حەوت یارییە ئەنجاممان وەكو پێویست نییە، یەك دوو هەفتە بەر لە ئێستاش ڕاهێنەری یانەكەمان داوای دەست لەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی كردبوو، ئێمە پێمان باش بوو جارێ بەردەوام بێت، گوتمان بەڵكو ئەنجام باش دەبێت كەچی هەر خراپ بوو، بۆیە هەردوولامان رێككەوتووین كە ڕاهێنەری ناوبراو دەستی لە كاركێشایەوە، ئێمە ئێستا لە قۆناغێكی یەكجار هەستیارداین دە یاریمان ماوە لە هەر دوو خولی نایابی كوردستان، دەمانەوێ كەسێكی شارەزا دەست نیشان بكەین بۆ یانەكەمان بۆ ئەوەی لە خولی كوردستان تەواو شارەزایی هەبێت لەسەر یاریزانان، ئێستاش بە شێوەیەكی كاتی مامۆستا جاسم تیپەكە بەڕێوە دەبات تاكو دەست نیشان كردنی راهێنەرێك، چەند كەسێكیش ئێستا لە بەرنامەدایە بەڵام ئێمە بەفەرمی كەسمان بۆ بەڕێوەبردنی یانەكەمان دەست نیشان نەكردووە.