ئەمڕۆ پاڵەوانێتیی باسكەی پەروەردە گشتیەكانی سەر ئاستی هەرێم دەست پێدەكات كوڕانی هەولێر رووبەرووی سلێمانی دەبنەوە
وەكو بەرنامەی ساڵانەی خۆی و بەمەبەستی زیاتر گرنگی دان بە وەرزش و ئاشنا كردنی قوتابیان لە نێوان هەڵبژاردەی پەروەردەگشتیەكانی سەر ئاستی هەرێم، بەسەر پەرشتی بەرێوەبەرایەتی چاڵاكی و وەرزش و هونەر لە وەزارەتی پەروەردە و بەبەشداری هەریەك لە تیپی هەڵبژاردەی پەروەردە گشتیەكانی هەولێرو دهۆك وكەركوك و گەرمیان و سلێمانی ، بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە لە قەزای شەقلاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر پاڵەوانێتی باسكەی پەروەردە گشتیەكانی هەرێم لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، بڕیاریشە ئەمڕۆ یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە لە هۆڵی یانەی شەقلاوە دەست پێبكات و لە یارییەكەم یاری كردنی پاڵەوانێتیەكەش لەكاتژمێر4ی ئێوارە كوڕانی هەولێرو سلێمانی لە بەهێزترین یاری بەیەك بگەن، لە بارەی ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتیەش حەكیم كانەبی بەرێوەبەری چاڵاكی وەرزشی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر گوتی: ئێمە وەكو تیپی هەڵبژاردەی هەولێر ئامادە كارییەكی باشمان كردوە بۆ ئەنجامدانی یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە و رۆژانە مەشقێكی چڕو توكمەمان ئەنجامداوە بەمەبەستی بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە بۆ پارێزگای هەولێر، یاریزانەكانمان متمانەی تەواویان بەخۆیان هەیە كە دەتوانن ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنین لێرەوەش دەمەوێ سوپاسی مامۆستا بەكر كەریم بكەین بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر كە ئەوپەری هاوكاری تیپەكەی كردوە هەمووكات پاڵپشتمان بووە بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە پاڵەوانێتیەكەكان، بۆیە ئێمەش دەمانەوی یاریزانەكانمان بە گیانێكی بەرزی وەرزشی یارییەكانی خۆیان ئەنجامبدەن .هیچ كێشەو گرفتێكمان نیە لە نێو تیپەكەمان ئامانجی سەرەكی ئێمە بەدەست هێنانی نازناوەكەیە و تیپە بەشداربووەكانیش هەموو ئاستیان بەرزە.
