هەر چەندە یانەی ئاڵای سەر بە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان كە ئەم ساڵ لە یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەشدارە، بەڵام ئاستی یانەكە وەكو پێیوست نییە و لە كۆی ئەنجامدانی 14 یاری لە خولەكەدا تەنیا 12خاڵی كۆكردۆتەوە و لە دوایین ریزبەندی یانەكان دێت، لە بارەی خراپیی ئەنجامی تیپەكەیان پیران فایەق راهێنەری یانەی ئاڵا بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە لەبەر كێشەی هەڵبژاردنی ئەندامانی یانەكەمان لە كۆكردنەوەی یاریزانان بۆ یانەكەمان دواكەوتین، كە ئێمە تیپمان دروست كرد هەموو یانەكان سەربازگەی مەشقیان بە كۆتا هێنا بوو، ڕاهێنەریش هۆكار نەبوو لە ئەنجامە خراپەكانی تیپەكەمان لە قۆناغی یەكەمدا، لە بارەی پێنەدانی بڕی 250ملیۆن دیناری گرێبەستی سەرجەم یاریزانان، پیران فایەق بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: تا ئێستا بڕی گرێبەستەكانی یاریزانانمان نەداوە، هەر چەندە زۆر بەڵێنمان پێدراوە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لە سەرووی وەزارەت كە پارەمان بۆ دابین بكەن، بەڵام تا ئێستا دابینیان نەكردووە، گوتیشی «سەرجەم گرێبەستەكان دەگاتە250 ملیۆن دینار، یاریزانانی یانەكەشمان داوای گرێبەست ناكەن لەبەر خۆشەویستیی خۆیان بۆ یانەكەیە، گوتیشی «یەكێتی قوتابیانی كوردستان مانگانە بڕی 5 ملیۆن دینار بە یانەكە دەدات، ئەوانیش بە سوپاسەوە مووچەی دوومانگی یانەكەیان بۆ دابین كردین، ئەگەر بودجەی یانەكانیش دوا بكەوێت زۆر زەحمەتە بتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، ڕەنگە هەر دابەزین بۆ ریزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، ئەگەر ئەوهاش بڕوات سەرجەم چالاكیەكانمان ڕادەگرین،چونكە بێ پارە هیچ كەسێك ئامادە نییە یاری بكات، باری داراییمان خراپە، بۆیە یاریزانانیشمان كەمە، هیوامان وایە كە پێش خولەكان پارە بدرێت، پەیوەندیی كەسی زۆر رۆڵی هەیە لە دابین كردنی پارە ئەگەر بمانەوێ وەرزش بەرەو پێش بچێت، دەبێت هەموو بەیەك چاو سەیر بكرێت.