لە مەغریب كچانی جۆدۆی ئافرەتانی هەولێر پێنج مەدالیای برۆنزییان بۆ پایتەخت هێنایەوە

لە مەغریب كچانی جۆدۆی ئافرەتانی هەولێر پێنج مەدالیای برۆنزییان بۆ پایتەخت هێنایەوە
دوای ئەوەی تیپی جۆدۆی یانەی ئافرەتانی هەولێر لە كازابلانكای وڵاتی مەغریب وەكو نوێنەری هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشداری لە پاڵەوانێتیی جۆدۆی یاریزانانی وڵاتانی عەرەب كرد كە شەش وڵاتی عەرەبی تێدا بەشداربوون، یاریزانانی ئافرەتانی هەولێر بە پێنج یاریزانەوە بەشداریان كردبوو لە كێشە جیاوازەكان و توانیان ئاستێكی بەرزیش پێشكەش بكەن و ناوی هەولێر وكوردستانیش بەرز بكەنەوە، لەمیانی پاڵەوانێتیەكەشدا ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای وڵاتانی تری بەشدار دەشەكایەوە، لە كێبڕكییەكانیش هەریەك لە كچە یاریزانان(جولەر جەودەت لە كێشی 48، ئیمان مەهدی لە كێشی 52،شەیما فارس لە كێشی 63، ژوان غەنی لە كێشی 70 و هەیفا بەهرام لەكێشی 78) توانیان مەدالیای برۆنزی بەدەست بهێنین، لە بارەی پاڵەوانێتییەكەش بەهێز رواندزی ڕاهێنەری تیپی جۆدۆی ئافرەتانی هەولێر بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: ئاستی پاڵەوانێتییەكە زۆر بەرز بوو، یاریزانانی بەشدار توانیان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن، ئێمەش توانیمان ئاست و ئەنجامان باش بێت و ئەمە یەكەمین بەشداری كردنمان بوو، لە پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو ئاستمان باشتر دەبێت سوپاس بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە هاوكارمان بوون. گوتیشی هیچ كێشەو گرفتێكمان نەبووە، یاریزانانی تیپەكەشمان لەم پاڵەوانێتییەدا هەموو توانایەكی خۆیان خستە گەڕ.
Top