لە هۆڵی یانەی وەرزشیی ئەكاد لە شارۆچكەی عەنكاوە لە یاریی كۆتایی سوپەری باسكەی كوردستان هەردوو یانە ئەكادی پاڵەوانی خولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان و یانەی سیروانی نوێ خاوەنی ریزبەندی پلەی دووەمی یانەكانی خولەكە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هاندەرانی وەرزشی رووبەڕووی یەكتری بوونەوە، لەم یارییەشدا یاریزانانی هەردوو یانە بە درێژایی ماوەی یارییەكە كێبڕكێیان لەسەر بەدەست هێنانی كۆكردنەوەی خاڵەكانی یارییەكە دەكرد، لەم ناوەشدا سەرەتا یاریزانانی یانەی ئەكاد بە پشت بەستن بە یاریگاو هاندەران چەندین خاڵی یەك لەسەر یەكیان تۆماركرد، بەڵام دواتریش یاریزانانی یانەی سیروانی نوێی شاری سلێمانی چەندین هێرشی یەك لە دوای یەكیان بردە سەر تۆڕی یانەی ئەكادو ژمارەیەك خاڵی گرنگیان بەدەست هێنا، لە كۆتایی یارییەكەشدا كچانی سیروانی نوێ بە پشت بەستن بە ئەزموونی ڕاهێنەرەكەیان توانیان یارییەكە بە جیاوازیی تەنیا 3 خاڵ لەبەرژەوەندیی خۆیان بە كۆتایی بێنن بە ئەنجامی (46-43)خاڵ، بەم ئەنجامەش كچانی سیروانی نوێ نازناوەكەیان بردەوە بۆشاری سلێمانی لە كۆتاییشدا لە مەڕاسیمێكی شایستە خەڵات و جامی سەركەوتنیان بەسەر یاریزانانی هەردوو یانە دابەشكرا.