شاجوانی كوردستان لەیانەی ئافرۆدێت بوو
شاجوانی كوردستان سەردانی یانەی وەرزشی ئافرۆدێتی كردو پاڵپشتیی خۆی بۆ یانە و كچە یاریزانەكان پیشاندا.
ئەمرۆ دووشەممە 27/1/2014 خاتوو (فێنك محەمەد) شاجوانی ساڵی 2013 ی كوردستان سەردانی یانەی وەرزشی ئافرۆدێتی كردو لەلایەن سەرۆك و ئەندامان و بەشێك لەیاریزانەكانی تیپە جیا جیاكانی یانەكەوە پێشوازی لێ كرا، دواتر لەلایەن هەردوولاوە باس لە ڕۆڵی كچان و ژنان كرا لەپێشكەوتنی كوردستان لەهەموو بوارەكانی ژیاندا و وەرزشیش بەیەكێك لەفاكتەرەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگا دانرا.
لای خۆیەوە خاتوو (فێنك محەمەد) بەڵێنی بەیانەی ئافرۆدێت دا كەهاوكاریان بێت و ئەوەی پێی بكرێت و لەتوانایدا بێت، دەیكات بۆ پێشخستنی وەرزشی كچان و ژنان لەكوردستاندا، هاوكات شاجوانی كوردستان ئەوەشی وت كەبەنیازە دیاری خۆی بۆ كچەیاریزانەكانی ئافرۆدێت بنێرێت كە تاكە یانەی پارێزگای سلێمانییە تایبەت بێت بە وەرزشی ئافرەتان.
دواتر (فێنك محەمەد) هۆڵ و جێگەكانی یانەی ئافرۆدێتی بەسەركردەوەو لەلایەن سەرۆكی یانەكەشەوە لۆگۆی ئافرۆدێت پێشكەش بە شاجوانی كوردستان كرا.
