لە یارییەكی دۆستانە هەولێر لە مینای بردەوە، ئەمڕۆش جارێكی تر رووبەرووی یانەی مینا دەبێتەوە
بۆ خۆئامادەكارییەكان بۆ یارییەكانی ئەم وەرزی خولی نایابی یانەكانی عێراق و تاقی كردنەوەی یاریزانە تازەكانی یانەكە و دانەبڕانی یانەكە لە یارییەكان، یانەی هەولێر لەسەر یاریگای نێودەوڵەتی شەهید فرەنسۆ هەریری بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی كەمی هاندەرانی وەرزشی میوانداری یانەی مینای شاری بەسرای كرد، لەم یارییەشدا یاریزانانی هەردوو یانە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد لە یارییەكەدا و سەرئەنجامیش یانەی هەولێر یارییەكەی بە سوودی خۆی بە كۆتایی هێنا بە ئەنجامی(2-0)گۆڵ، هەردوو گۆڵەكەی هەولێریش لە رێگای هەریەك لە یاریزانان (بۆرخا روبیتای ئیسپانی بە لێدانی سزا و نەبیل سەباح)تۆماریان كرد، بڕیاریشە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەسەر هەمان یاریگا یانەی هەولێر جارێكی تر بۆ زیاتر خۆئامادەكردنی یانەكە رووبەرووی مینا دەبێتەوە یارییەكەش لە كاتژمێر30-2دوای نیوەرۆ بەرێوەدەچێت، لە بارەی ئەنجامدانی یارییە دۆستانەكانیش عومەرسەلیم سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی وەرزشی هەولێر بۆ گوتی: مەبەستی ئێمە لە ئەنجامدانی ئەم یارییە دۆستانە زیاتر بەهێز بوونی یانەكەمان و ئامادەكارییەكانمانە بۆ ئەوەی یاریزانەكانمان بێزار نەبن لە مەشقەكان كە ماوەیەكە یانەكەمان دابڕاوە لە یارییەكانی خولەكە، تاقی كردنەوەی ژمارەیەك یاریزانە لەلایەن راهێنەری یانەكە بۆ ئەوەی كێشەكانی هێلەكانی یاری كردن چارەسەر بكات و پێك هاتەیەكی توكمە دەست نیشان بكات بۆ ئەم یارییانەی ماومانە لە خولەكە، ئێمە دوو خولیشمان لە پیشە جامی ئاسیا و خولی عێراق بۆیە پێویستمان بە ئامادەكاری باش هەیە
