نەشوان محەمەد:لە ڕاكردنی 400مەتریدا ژمارەی پێوانەییم شكاندو لە ماڕاسۆنی بەیروتی نێودەوڵەتییش سێیەم بووم

نەشوان محەمەد:لە ڕاكردنی 400مەتریدا ژمارەی پێوانەییم شكاندو لە ماڕاسۆنی بەیروتی نێودەوڵەتییش سێیەم بووم
دیمانە: كارزان كانەبی

نەشوان یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی شاری سلێمانییە، لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەرەوەش، پێشتریش بۆهەریەك لە یانەكانی شێروانەی كەلار و سەرچنار و سیروانی نوێ و پێشمەرگەی سلێمانی و هەڵبژاردەی سلێمانی یاریی كردووە، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1984ی شاری سلێمانییە و دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد،ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە.


* چۆن بوو هاتیتە نێو دنیای وەرزشییەوە؟
- من هەر لە منداڵییەوە حەزم لە بواری ڕاكردن بووە، لەلایەكی تریش وەرزش هۆكارە بۆدوورخستنەوەی مرۆڤ لە نەخۆشییەكان، كە وەرزش دەكەم هەست بە ئارامی و خۆشییەكی زۆر دەكەم.
* بۆچی یاریی گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- سەرەتا منیان هەڵبژارد بۆ پێشبڕكێیەكانی قوتابخانە، دوای ئەوە كە توانیم سەركەوتوو دەبم لەم بوارە لەلایەن پەروەردە هەڵبژێردرام ئینجا پشت بەخوا بۆچەند ساڵێك لە پەروەردەكان دواتریش لەلایەن یانەی وەرزشی شێروانەی كەلار بانگێشت كرام بۆ یاری كردن لەم رێگایەوە زۆر حەزم چووە بواری گۆڕەپان و مەیدان.
* بە بۆچوونی تۆ ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان وەكو پێویستە؟
- بە بۆچوونی من ئەم یارییە بە شێوەیەكی مام ناوەندە ئەگەر لە چاو یارییەكانی تر وەكو تۆپی پێ و بالە گرنگی پێ بدرێت زیاتر پێشدەكەوێت.
* چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- بە بۆچوونی من ئەگەر یاریی گۆڕەپان و مەیدان وەكو یارییەكانی تر قوتابخانەی بۆ دابنرێت لە كوردستاندا، لە هەمان كاتدا راهێنەری باش و بەتوانا ئەوە زیاتر پێشدەكەوێت.
* وەكو یاریزانێك باشترین ئەنجامەكانت چین؟
- لە ساڵی 2007 لە ئاستی لاوان یەكەم بووم، لە ڕاكردنی 400مەتری ژمارەی پێوانەییم شكاند، لە ماڕاسۆنی بەیروتی نێودەوڵەتی توانیم پلەی سێیەم بەدەست بهێنم، لەسەر ئاستی پێشكەتووانیش لە پاڵەوانێتیی كوردستان توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، لە ڕاكردنی 800مەتری لە پاڵەوانێتیی پارێزگاكان توانیم پلەی یەكەم بەدەست بێنم، لە چەندین پاڵەوانێتیی تریش ئەنجامم وەكو پێویست بووە.
* ساڵانە كردنەوەی چەند پاڵەوانێتییەكی كەم دەبێتە هۆی پێشكەوتنی ئەم یارییە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەنجامدانی یەك دوو پاڵەوانێتیی لە یەك ساڵدا دەبێتە هۆی تێكشكاندانی یاریزان و بێزاربوونی، حەق وایە هیچ نەبێ دوومانگ جارێك پاڵەوانێتییەك ئەنجام بدرێت ساڵانە دەكاتە 6پاڵەوانێتیی زۆر باش دەبێت بۆ یاریزانان.
* بەرنامەت بۆداهاتووی خۆت چییە ؟
- چاوەڕێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆدامەزراندن، بۆئەوەی بتوانم لە داهاتوودا خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەم.
* بڕیاری ئەوەت نەداوە واز بهێنیت؟
-نەخێر تاكو بتوانم واز لە بواری وەرزش ناهێنم بۆئەوەی زیاتر بەم وەرزشە جوانە خزمەتی گەل و نیشتمان بكەم.
* كێشەو وگرفتی گۆڕەپان و مەیدان زیاتر لە چی رەنگ دەداتەوە ؟
-كێشەی سەرەكیی نەبوونی یاریگای تایبەت بەم یارییەیە، كەمیی جۆری یاریگاو ئەو كۆمپانیانەی كە ئەو یاریگا تایبەتە بۆ گۆڕەپان و مەیدان جۆری خراپن بێ كەڵك دێنن دایدەدەنێن جل و بەرگی وەرزشی باش ناهێتە كوردستان و كەمیی ئەنجامدانی پاڵەوانێتیی، ئەوانە هەمووی كێشەن.
* جگە لەم یارییە چ یارییەكی تر ئەنجام دەدەیت؟
- یاریی تۆپی پێ، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕەپان ومەیدانەوە ئەنجامی نادەم.
* داوا كاری و پێشنیارت بۆلایەنی پەیوەندیدار چییە؟
- بەهیوای ئەوەم پڕۆژەی وەرزشی زیاتر بكەنەوە لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان بۆخزمەتی زیاتری ئەم یارییە.
* وەكو یاریزانێك هیواو ئاواتت لەم یارییە؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم لە داهاتوودا بە وەرزشەكەم خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەم، ئەنجامی باشتر لەسەر ئاستی كوردستان بەدەست بهێنم.
* بەچ یاریزانێك زۆر سەرسامی؟
- بە یاریزانی جامایكی ویسیان بۆلت سەرسامم.
* هیچ یانەیەك داوای لێ نەكردی بۆیاری كردن؟
- نەخێر بەڵام نازانم لە داهاتوودا چی دەبێت.
Top