لە ئێستادا یانەی سلێمانی بڕی ئەو هاوكارییەی وەرگرتووە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆی دابین كرا بۆ چارەسەر كردنی گرفتە داراییەكانی یانەكە، بۆ بەهێزكردنی یانەكەشیان لە هەردوو خولی عێراقی وكوردستان دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی سلێمانی لەرێگای یاریزانی پێشووی یانەكەیان سۆلا ئەم دوو یاریزانە ئۆگەندییە هاتوونەتە شاری سلێمانی بۆئەوەی لەگەڵ یانەكە یاری بكەن لەم خولانەی كە یانەی سلێمانی بەشداریی تێدا دەكات، هەر یەك لە یاریزانان (ریچاردماگالۆ، ماركۆ دینیس) كە هەردوو یاریزانەكە بەڕەگەز ئۆگەندین لە هەردوو هەڵبژاردەی یەكەم و ئۆلۆمپی ئۆگەندا یارییان كردووە لە رێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتوونەتە شارەكە، لەبارەی هێنانی ئەم یاریزانانەش، سەڵاح محەمەد كەریم بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە لەرێگای یاریزانی پێشووی یانەكەمان سۆلا ئەم دوو یاریزانەمان هێناوە لە هەردوو خولی پاڵاوتنی عێراقی و نایابی كوردستان لەسەر دەستی هەردوو راهێنەران حەمید سەلمان و سەردار ساڵح یارییان پێ دەكرێ، هەردوو یاریزانەكەش لە هێڵی هێرشبردن یاری دەكەن، لەم بڕوایەشدام بتوانین سوودێكی زۆر لەم یاریزانانە وەربگرین ماوەی گرێبەستەكەشیان بۆ ئەم وەرزە لە هەردوو خول یاری دەكەن، ناوبراو گوتیشی جارێ ماوە یاریزانی تر بهێنین ئەوانە جارێ سەرەتایین و بەفەرمی لەلایەن دەستەی كارگێڕیی یانەكەمانەوە گرێبەستیان لەگەڵدا مۆركراوە.