یاریزانی یانەی ئەی سی میلانی ئیتالی ریكاردۆ كاكا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە تۆماركردنی گۆڵی ژمارە 100 لەگەڵ یانەی میلان. لەمبارەیەوە توتو میركاتۆ لەزاری ریكاردۆ كاكا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای یاریەكەیان بەرامبەر یانەی ئەتلانتا رایگەیاند : خۆشحاڵم كە توانیم لەم یارییەدا گۆڵی 100 مین لەگەڵ یانەی میلان تۆمار بكەم و زۆریش خۆشحاڵم كە ساڵی نوێی 2014 سەرەتایەكی باش بوو بۆم . هەر لەدرێژەی قسەكانیدا كاكا رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك هەستم نەكردووە كە ژیانی وەرزشی تۆپی پێم وەك یاریزان بەكۆتا هاتووە، بەڵكو ئارەزوو دەكەم بەردەوام بم لە یاریكردن و ژمارەی نوێ تۆمار بكەم لەژیانی وەرزشیم، بۆیە لەئێستادا بیر دەكەمەوە كە بتوانم گۆڵی ژمارە 200 لەگەڵ میلان تۆمار بكەم.
سەبارەت بە رابردووشی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید كاكا روونیكردەوە ئەو ماوەیەی لەگەڵ ریال مەدرید بووم رازی نەبووم لە ژیانی وەرزشی خۆم لەسانتیاگۆ بیرنابیۆ، بەڵام زۆر بەزیرەكی و پیشەگەرانە لەگەڵ بارودۆخەكە هەڵسوكەوتم كرد.