دڵنیا ئەبوبەكر:هیوادارم كچان زیاتر بێنە نێو بواری وەرزش بەتایبەتی جۆدۆ

دڵنیا ئەبوبەكر:هیوادارم كچان زیاتر بێنە نێو بواری وەرزش بەتایبەتی جۆدۆ
یاریی جۆدۆ لە جیهان بایەخێكی زۆری پێدەدەرێ و زیاتر بە یارییەكی پیاوانە ناسراوە، چونكە پێویستی بە هێزێكی زۆر هەیە، هەروەها پێویستی بە كاردانەوەی خێرا هەیە، بەڵام لە جیهانی ئێستادا ئەم یارییە بۆ ئافرەتان گرنگییەكی تایبەتی پێدەدرێ و وڵاتانی جیهان بەمەبەستی بە دەستهێنانی ملوانكە لە ئۆڵۆمپیاد بایەخ بەم یارییە دەدەن، لەسەر ئاستی كوردستانیشدا ئەم یارییە گرنگییەكی ئەوتۆی پێنەدەدرا، بەڵام ئێستا ژمارەیەكی بەرچاوی ئافرەت بوونە یاریزانی جۆدۆ و چەندین یانە تیپی جۆدۆی كچانی هەیە، هەروەها زۆربەی هەرە زۆری یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق كوردن ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی باشە، چونكە لە ماوەیەكی كورتدا توانرا بناغەی ئەم یارییە لە كوردستان دابندرێت، بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە چەند پرسیارێك ئاراستەی یاریزانی ئافرەتانی هەولێر دڵنیا ئەبو بەكر بكەین.



*دڵنیا ئەبو بەكر كێیە؟
-دڵنیا ئەبو بەكر یاریزانی یانەی ئافرەتانی هەولێرە لە یاریی جۆدۆ و لە دایكبووی ساڵی 1994.
* هۆكاری دەستنیشانكردنی یاریی جۆدۆ بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
- ئەوەی راستی بێت مامۆستا رازاو لە قوتابخانە گرنگیی بەم یارییە دەدا ئێمەش ئارەزووی یارییەكەمان كرد، بۆیە بڕیارم دا ببمە یاریزانی جۆدۆ و دەتوانم بڵێم رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی پێش دەكەوێت.
*بەشداریت لە چەند پاڵەوانێتیدا كردووە؟
- لەسەر ئاستی كوردستان دوو پاڵەوانێتی ئەنجام دراوە و لە هەردوو پاڵەوانێتی پلەی یەكەمم بە دەستهێنا و لەسەر ئاستی عێراق یەك پاڵەوانێتی ئەنجام درا و پلەی دووەمم بە دەستهێنا.
* چۆن دەڕوانییە یاریی جۆدۆ لە كوردستان؟
- ئەم یارییە تام و چێژێكی تایبەتی هەیە تا ئێستا لە كوردستان بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچێت، بەڵام پێویستی بە بایەخدان هەیە بۆ ئەوەی ئاستەكە زیاتر پێش بكەوێت و بتوانین ركابەریی یاریزانانی دراوسێ و وڵاتانی تر بكەین.
* تا چەند یانەكان بایەخ بەم یارییە دەدەن؟
- هەندێك یانە بایەخێكی زۆری پێدەدەن بۆ نموونە یانەی ئافرەتانی هەولێر، كە گرنگییەكی زۆر بەم یارییە دەدات و هەموو پێداویستییەكی بۆ دابین دەكات، بەڵام هەندێك یانەش هەن تا ئێستا رێگەی نەداوە چ یاریزانی كوڕ یاخود كچ ئەم یارییە لە یانەكە ئەنجام بدەن و هیوادارام ژمارەی یانەكان روو لە زیادبوون بكات بە تایبەتی یاریزانی كچ بۆ ئەوەی ركابەری لە نێوان یاریزانەكان درووست بێت.
*چ بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یارییەكە پێش بكەوێت؟
- پێویستە هۆڵێكی گونجاو بۆ مەشق كردن و ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەكان درووست بكرێت،هەروەها پاڵەوانێتیی زیاتر بكرێتەوە بە تایبەتی لەسەر ئاستی كچان و بەشداری لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی كوردستان بكەین و یانەكان دەبێت زیاتر بایەخ بەم یارییە بدەن.
* تا چەند كۆمەڵگا رێخۆشكەرە بۆ هاتنی كچان بۆ نێو بواری وەرزش؟
- لەراستیدا كۆمەڵگا رێگرە لەبەردەم هاتنی كچ بۆ نێو بواری وەرزش، بۆ نموونە كچە یاریزانی زۆر هەیە ئارەزووی هاتنی بۆ نێو یاریی جۆدۆ دەكات، بەڵام دایك و باوك و برا رێگرن لەبەردەم هاتنیان، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی ژمارەی یاریزانەكان كەم بێت و هیوادارم لە داهاتوودا ئەم بیرۆكەیە بگۆڕدرێت و رێگا خۆش بكرێت بۆ هاتنی كچە یاریزان بۆ نێو بواری وەرزش بە تایبەتی یاریی جۆدۆ.
* دوا وتەت چییە؟
- زۆر سوپاسی دایك و باوكم دەكەم، كە یارمەتیان دام بۆ ئەوەی بێمە نێو یاریی جۆدۆ و داواكارم پاڵەوانێتیی زیاتر بكرێتەوە، هەروەها ئۆردوگای مەشق بۆ كچە یاریزانەكان بكرێتەوە تاوەكو بتوانن ئاستی خۆیان پێش بخەن، زۆر سوپاسی راهێنەرەكەم و مامۆستا رازاو دەكەم، كە هەردەم پاڵپشت و هاوكاری ئێمەن.






Top