هەر چەندە یانەی زاخۆ ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامی یاریی كردنی وەكو پێویست نییە لە یارییەكانی وەرزی نوێی خولی بژاردەی عێراقی بەبەراورد لەگەڵ خولی كوردستان كە ئاستی یانەكە رۆژ بەرۆژ بەرەو پێش دەچێت، یانەی زاخۆ لە خولی بژاردەی عێراقی بەتەنیا كۆكردنەوەی حەفت خاڵ لە ریزبەندنەكانی خوارەوە دێت، بەم ئەنجامەش هاندەرانی یانەكە دڵخۆش نین كە ئەنجامی یانەكەیان لەم وەرزە خراپە، لەم بارەشەوە بۆگۆڤاری گوڵان خەلیل ئەحمەد سكرتێری یانەی وەرزشی زاخۆ گوتی: لە ئێستادا ئێمە نیەتمان نییە هیچ گۆڕانكارییەك لە ریزی دەستەی راهێنەرانی یانەكەمان بكەین، چونكە محەمەد قەویز راهێنەرێكی بەتوانایە مرۆڤێكی زۆر زیرەكە لە بەڕێوەبردنی كارەكانی خۆی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەنجاممان وەكو پێویست نییە ئەگەر سەیری ئاستی ئێمەش بكەی ئاستمان باشە لە یارییەكان، بەڵام بەخت یاوەرمان نەبووە یاریزانەكانیشمان زۆر ئاسوودەن لەگەڵ ئەم راهێنەرە بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین بەسەر كەم و كووڕییەكانی تیپەكەمان زاڵ بین و ئاستی خۆمان بەرەو پێش ببەین، لە كاتی گواستنەوەی زستانەش نیازی هێنانی 4 تا 5 یاریزانی سوپەری عێراقمان هەیە كە هەموویان ئاستی یاری كردنیان بەرز بێت دەستنیشان كراون تەنیا ئەوە ماوە پەلكێشیان بكەین بۆ یانەكە، هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لە ریزی یانەكەمان تەنیا ئەوەیە كە ئەنجامەكانمان خراپە و هەوڵیش دەدەین بە زووترین كات بەسەر كێشەكانمان زاڵ بین لە نێو یاریگا هەموو بەیەكەوە هەوڵی باشتر بوونی ئەنجامەكانمان داوە لە خولی بژاردەی عێراقی.