تاژان شێخ نەسرەدین: سێ ساڵە بێ ركابەر یەكەمی ئەسپسوارانم لە هەرێمی كوردستان
دیمانە: كارزان كانەبی

* چۆن بوو ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
- لەبەر خۆشەویستیی باوكم بۆ یارییەكانی ئەسپسواری كە پێشتر پاڵەوانی عێراق بووەو یەكێك بووە لە راهێنەرە بەتواناكان، ئەو هۆكار بووە بۆهاتنی من بۆ ناو ئەم یارییە.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- ئەم یارییە تازە خەریكە پێش بكەوێت و بناسرێت لە شارەكانی كوردستان، لەم بڕوایەشم لە ئایندەیەكی نزیك بەرەو پێشچوونی باش بەخۆیەوە دەبینێت.
*بۆچی لە شارەكان وەكو پێویست گرنگیی بەم یارییە نادرێت ؟
- لەبەر نەبوونی كادیرو كەسانی شارەزا و بەتوانا لەم بوارەدا، بۆیە پێویستە لەسەر لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان كە هەوڵی جدی بدەن بۆ گرنگیدان و بەرەو پێشچوونی ئەم یارییە.
* پێویستە چی بكرێت بۆ بەرەو پێشچوونی ئەم یارییە وەكو وڵاتانی جیهان؟
- دروست كردنی گۆڕەپانی تایبەت بۆ ئەم یارییە كە تایەتمەندبێت بەم یارییە و شوێنی دابین كردنی حەوانەوەی ئەسپ زۆر پێویستە.
* ساڵانە كردنەوەی یەك دوو پاڵەوانێتی بەبەشداری ژمارەیەك یاریزانی كەم، دەبێـتە هۆی پێشكەوتنی ئاستی یارییەكە؟
- زۆری و كەمی یاریزانان زۆر گرنگ نییە بۆ ئەم یارییە، بەڵام كردنەوەی پاڵەوانێتیی زیاتر پێویستی بە شوێنی تایبەت دەبێت بۆئەوەی ئەم یارییە زیاتر بەرەو پێش بچێت.
* كێشەو ئاستەنگەكان یاریی ئەسپسواری چین؟
- كێشەو گرفتمان زۆرە، بەڵام ئەوەی زۆر نیگەرانی كردووین لەم یارییەدا نەبوونی گۆڕەپان و شوێنی ئەسپەكان ئەوانە هەمووی كێشەی ئەم یارییەن.
* بۆ حەزە یان بۆ وەرزشە كە ئەم یارییە ئەنجام دەدەن؟
- من وەكو وەرزش ئەم یارییە دەكەم، كە وەرزشێكی گەورەیە لە جیهان.
*ئایا ئێوەی كچ هیچ كات دووچاری كێشەو گرفت نەبووینە لەم یارییەدا؟
- كێشەو گرفتی ئەوتۆمان نەبووە، هەر چەندە هەندێكجار پێمان دەڵێن ئەم یارییە قورسە و بۆ ئافرەت نابێت، بەڵام من چونكە باوكم هاوكارمە و شارەزایە لەم یارییە ئەو كێشەیەم نییە.
*هیواو و ئاواتت وەكو یاریزانان لەم یارییەدا چییە ؟
- هیوام ئەوەیە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری بكرێین، بەشداریمان پێ بكرێت لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە تاكو هەرێمی كوردستانیش لەرێگای وەرزشەكەمان بە وڵاتانی جیهان بناسێنین.
*بەرنامەی داهاتووتان چییە؟
- بەرنامەمان زۆرە بۆداهاتوو وەكو كردنەوەی خولێك بۆ كچان تایبەت بەم یارییە.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت ماوە بیڵێیت؟
- بۆماوەی سێ ساڵە بەشداری پاڵەوانێتییەكانی كوردستان دەكەم، پلەی یەكەمم بەدەست هێناوە بێ ڕكابەری كە ئەوەش بۆمن خۆش نییە، رێزم بۆهەموو ئەسپسوارانی كوردستان.

