كەوسەر هادی:راگەیاندن نازانێت هـەڵبژاردەیەك بۆ تۆپی پێی كچان هەیە

كەوسەر هادی:راگەیاندن نازانێت هـەڵبژاردەیەك بۆ تۆپی پێی كچان هەیە
كەوسەر هادی یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ تۆپی پێ لەسەر ئاستی كچان، ئەم یاریزانە لە دایكبووی ساڵی 1994 و لە یانەی مەسافی شاری بەغداد یاری دەكات، هەرچەندە لە رووی تەمەن بچووكە، بەڵام لە رووی ئاست و زیرەكیی نێو یاریگا یاریزانێكی لێهاتوو و ئاست بەرزە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق ئۆردوگایەكی مەشقی لە شاری هەولێر كردەوە بەپێویستمان زانی لە نزیكەوە دیمانەیەك، لەگەڵ یاریزانی ناوبراو ساز بدەین.



*چۆن دەڕوانییە ئاستی یاریی تۆپی پێی كچان لە عێراق؟
- یاریی تۆپی پێی كچان لە عێراق لاوازە، هۆكارەكەشی بۆ بایەخ نەدان دەگەڕێتەوە، چونكە یاریزانی زۆر بەتوانا هەیە، بەڵام پێویستی بە گرنگیدانە و دەبێت ئۆردوگای مەشقی لە دەرەوەی عێراق بە بەردەوامی بۆیان بكرێتەوە، پێویستە بایەخمان پێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانین دەستكەوتی گەورە بە دەستبهێنین.
* كێشە و گرفتتان چییە؟
-كێشە و گرفتمان زۆرە، لە رووی بایەخ نەدان، هەروەها دەبێت یەكێتیی تۆپی پێی عێراق زیاتر گرنگیمان پێ بدەن و كۆمەڵگاش گرفتێكی یەكجار گەورەیە، چونكە رێگە نادرێت ئافرەت بێتە نێو بواری تۆپی پێ و لە رووی جل و بەرگیشەوە كێشەمان هەیە و نەكردنەوەی ئۆردوگای مەشقی،بەڵام دەبێت گەشبین بین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەم پێداویستیانە دابین بكرێت.
* بۆچی كچە یاریزانەكان یاری لە تۆپی پێی بچووككراوە و تۆپی پێی سەر كەنارە دەریاییەكان و تۆپی پێی یاریگای گەورە ئەنجام دەدەن؟
- هۆكاری بۆ كەمیی كچە یاریزان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەگەر ژمارەی یاریزان زۆر بێت، ئەوە هەڵبژاردەی عێراق بۆ كەنارە دەریاییەكان بەتەنیا دەبێت بەهەمان شێوە بۆ تیپی یاریگای بچووككراوە و یاریگای گەورە.
* چ بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی تۆپی پێی كچان پێشبكەوێت؟
- دەبێت بایەخیان پێبدرێت لە رووی مادی و مەعنەوییەوە، هەروەها كردنەوەی ئۆردوگای مەشقی و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردە بەهێزەكان و بەردەوام بوون لەسەر مەشقكردن بەتایبەتی ئەنجامدانی مەشق لە یاریگای گەورە.
* بۆچی ژمارەی كچە یاریزانەكانی تۆپی پێ كەمە؟
- هەموو كچە یاریزانێك ناتوانێت بچێتە شارەكان بۆ نموونە كچە یاریزانەكانی كوردستان ناتوانن بێنە بەغداد بۆ ئۆردوگای مەشقی یاخود كچە یاریزانەكانی بەسرە و واست و شارەكانی تر ناتوانن بێنە كوردستان، بۆیە ناچار دەبین، ئۆردوگایەكی مەشقی لە بەغداد ئەنجام بدرێت تایبەت بە یاریزانەكانی نزیك لەم پارێزگایە، هەروەها ئۆردوگایەكی مەشقی لە كوردستان ئەنجام بدرێت بۆ كچە یاریزانەكانی ئەم ناوچەیە، دواتر هەڵبژاردەیەك پێك دەهێندرێت بۆ ئەوەی بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكان بكرێت.
* تا چەند یانەكان بایەخ بە تۆپی پێی كچان دەدەن؟
- هەندێك یانە بایەخ بە تۆپی پێی كچان دەدەن تا رادەیەك هەندێك یانە هەیە، بایەخێكی یەكجار زۆر بە تۆپی پێی كچان دەدات زیاتر لە هەڵبژاردەی عێراق، بەڵام نەبوونی خولێكی تایبەت بە تۆپی پێی كچان لە یاریگەی گەورە هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە هەموو یانەكان نەتوانن گرنگی بە یارییەكە بدەن.
* تا چەند كۆمەڵگا پشتگیری لە ئافرەت دەكات؟
- گرفتی سەرەكیی دواكەوتنی وەرزش و تۆپی پێی كچان لە عێراق بۆ كۆمەڵگا دەگەڕێتەوە، چونكە ئەوان رێگرن لە پەیوەندی كردنی ئافرەت بە تۆپی پێ، بۆیە بەشێوەیەكی زەق دەبینین كچەیاریزان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە كەمبوونەوە دەكات، بەڵام من سوپاسی دایك و باوكم دەكەم، كە ئەوان پشتگیرییەكی زۆرم دەكەن، بۆیە ئاستم رۆژ لە دوای رۆژ پێش دەكەوێت، ئەمەش بۆ پاڵپشتیی ئەوان دەگەڕێتەوە، ئەگەر هەموو خانەوادەیەك پشتگیریی كچەكەی خۆی بكات، ئەوە وەرزشی ئافرەتان پێش دەكەوێت، چونكە ئێمە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتواناین.
* تا چەند راگەیاندن بایەخی بە ئێوە داوە؟
- بەداخەوە راگەیاندن زۆر كەمتەرخەمە لە بایەخدان بە یاری تۆپی پێی كچان و بەهیچ شێوەیەك گرنگیمان پێ نادەن تا رادەیەك نازانن یاریزانی تۆپی پێی كچان هەیە!!!.
* تا چەند هەڵبژاردەی ئافرەتانی عێراق پێویستی بە راهێنەری بیانی هەیە؟
- بە گشتی یانەكان بەتایبەتی ئەو یانانەی، كە تیپی تۆپی پێی كچانیان هەیە، پێویستە راهێنەری بیانی بۆ تیپەكانیان بهێنن بۆ ئەوەی ئاستی كچان پێشبكەوێت، بۆ نموونە سەیری هەڵبژاردەی ئوردن بكەین، ئەوان لە رووی تۆپی پێ زۆر پێشكەوتوون، ئەمەش بۆ گرنگیی یەكێتیی تۆپی پێی ئوردن دەگەڕێتەوە، كە بایەخی بە هەڵبژاردەی كچان ئوردن داوە بەهێنانی راهێنەر بیانی، هەروەها پاڵپشتی كردنی یاریزانان لەهەموو روویەكەوە، هیوادارم بۆ ئێمەش راهێنەری بیانی بێنن بۆ ئەوەی سوودیان لێوەربگرین.
* دوا وتەت چییە؟
- هیوادارم هەموو لایەك پشتگیری لە یاری تۆپی پێی ئافرەتان بكەن بۆ ئەوەی پێشبكەوێت، چونكە ئێستا ئاستی ئافرەتان زۆر لاوازە و پێویستی بە هەموو جۆرە یارمەتییەك هەیە لە هەموو روویەكەوە.



Top