رابەر بەختیار: هیوادارم ئەم یارییە بخرێتە نـێو پرۆگرامی خوێندنەوە چونكە زیاتر زانستییە
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو یاریی شەترەنجت هەڵبژارد لە نێو ئەم هەموو وەرزشە جۆراوجۆرە؟
- من لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە حەز و خولیام بۆئەم یارییە هەبووە و چونكە یارییەكی زانستییە و خانەوادەكەمان هەموویان خولیای زۆریان هەیە بۆ ئەم یارییە و لە نێو یارییەكەدان.
* بە بۆچوونی تۆ وەكو منداڵێك بۆچی زۆر جار منداڵ ئارەزووی یاریی شەترەنج دەكات؟
- یارییەكە زانستییە وەكو یارییەكانی تر نییە كە هێزی تێدا بەكار بهێنی و لێرەوە دەبێ عەقل كار بكات لە بڕی هێز بۆیە زۆر كەس هەیە نایەوێ توانای خۆی بە وەرزشی تر سەرف بكات روو لە یاریی شەترەنج دەكات و دەتوانێت سەركەوتنی گرنگ بەدەست بهێنێت.
* ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان و بەتایبەت لە شاری هەولێر؟
-لە ئێستادا ئاستی ئەم یارییە لە تەواوی شارەكانی كوردستان بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە و هەموو یانەكان گرنگیی بە وەرزش دەدەن بەگشتی، لەشاری هەولێریش یانەی خانزاد تاكە یانەیە كە خزمەتی وەرزشی شەترەنج دەكات و ژمارەیەكی زۆری منداڵی شارەكەی لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە و خزمەتی باشی هەموو ئاستەكانیش دەكەن.
* چی بكرێت باشە بۆ زیاتر گرنگیدان بە یاریی شەترەنج و گەشە كردنی ئەم وەرزە؟
- من وەكو یاریزانێك پێم باشە یانەكانی تریش چاو لە یانەی خانزاد بكەن و بەردەوام خول بكەنەوە بۆ ئاستەكانی تەمەن، چونكە بە كردنەوەی خولی جۆراوجۆر ئاستی یاریزانان زیاتر پێش دەكەوێت، هێنانی راهێنەری بیانی و بەشداری كردن لە پاڵەوانێتیی دەرەوە ئەمانە هەمووی دەبنە هۆكار بۆزیاتر پێشكەوتنی ئەم وەرزشە.
*پێت باش نییە ئەم یارییە بكرێتە پرۆگرامی خوێندن و لە قوتابخانەكان بخوێندرێت؟
- من وەكو یاریزانێك و هەم قوتابیش پێم باشە ئەم یارییە بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندن چونكە زیاتر زانستە، لەم بڕوایەشم یارییەكە زیاتر گرنگی پێ دەدرێت لەلایەن منداڵانیش بۆیە لە ماوەیەكی زۆر كورت ژمارەیەكی زۆر یاریزانمان دەست دەكەوێت.
* كێشەو گرفتتان چییە لە یانەی خانزاد؟
- لێرەوە سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی خانزاد دەكەم كەوا زۆر هاوكاریی یاریزانان دەكەن بەبێ جیاوازی.
*زۆر جار راهێنەری بیانی دێت و خول دەكرێتەوە، تا چەند سوودیان هەیە؟
- بەش بەحاڵی خۆم زۆر سوودم لەم خولانە بینیوە و بەتایبەتی هاتنی ئەم راهێنەرە بیانیانە كە هەمووی بۆ بەرژەوەندی یاریزانانە و بۆئەوەی سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرن خۆشم سوودم زۆر لێیان بینیوە بەهیوای ئەوەم راهێنەری زیاتر بهێنن.
* ماڵەوە تا چەند هاوكاریت دەكەن لەوەرزش كردنت وەكو منداڵێك كە لە نێو وەرزشی؟
- دەمەوێ سوپاسی خانەوادەكەم بكەم كە ئەوان رۆڵی كاریگەریان بینیوە لە پێگەیاندن و خزمەت كردنی من.
* زۆر جار وەرزش و خوێندن لە پاڵ یەكتری دەكەی، هیچ كات كێشەت بۆدروست ناكات ؟
- تاكو ئێستا كێشەم بۆدروست نەبووە، چونكە كاتەكانی خۆم بە شێوەیەكی باش دابەشكردووە.
* بەچ یاریزانێكی شەترەنجی جیهانی سەرسامیت؟
- بە یاریزان كرامسنیك كە یاریزانێكی زۆر بەتوانایە لە یاریی شەترەنج و پاڵەوانی جیهانی بووە.
* حەز دەكەی بەشداری پاڵەوانێتی جیهانی بكەی؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانن لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی بەشداربم لە داهاتوو بۆ گرنگی دانی زیاتر بە ئاست و توانای خۆم.
* ئایا لە كوردستان وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە دەدرێت؟
- بەڵێ وەكو پێویستە و سوپاسی یەكێتیی ناوەندیی شەترەنجی كوردستان دەكەم، بەهیوای ئەوەشم گرنگیی زیاتر بەم یارییە بدرێت و منداڵان هان بدرێت بۆ هاتنە نێو ئەم یارییە.
* پەیامت چییە بۆ ئەو منداڵانەی كە لەم یارییە دوورن؟
- بەهیوای ئەوەم ئەوانیش بە زووترین كات بێنە نێو یارییەكانی شەترەنج و بۆئەوەی خزمەتێكی باش بە شارەكەیان بكەن لە داهاتوودا.
* هیواو ئاواتت وەكو مندالێك لەم یارییە؟
- هیوای من ئەوەیە بەردەوام بم وخزمەتی كوردستان و نیشتمانی خۆم بكەم لە داهاتوو لەرێگای وەرزشەكەم.
* ئەگەر لە كۆتایی شتێكت مابێت ؟
- تەنیا دەمەوێ سوپاسی ئێوەی خۆشەویست بكەم كەبەم شێوەیە گرنگیی بە وەرزش دەدەن و خزمەت كردنی منداڵانیش لەسەر هەموو لایەك پێویستە بۆزیاتر هاندانیان بۆوەرزش كردن.
