یانەیەكی كوردستانی لە سوید... تەمەنێكی كورت و دەستكەوتی زۆر

یانەیەكی كوردستانی لە سوید... تەمەنێكی كورت و دەستكەوتی زۆر
زۆر جار باس لەبوونی یاریزانی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا دەكرێت لە یارییە جیاجیاكان و باس لە دەستكەوت و بەرز راگرتنی ئاڵای كوردستان دەكەن، بەڵام رەنگە زۆربەی خەڵك نەزانێت، كە ئێستا یانەیەكی تایبەت هەیە بەناوی كورد و كوردستان لە وڵاتی سوید و توانی لەگەڵ دامەزراندنی دەستكەوتی زۆر باش لە خولەكانی ئەم وڵاتە بە دەستبهێنێت، ئەویش یانەی (دالە كورد)(Dalkurd FF).

بیرۆكەی دامەزراندنی
ئەم یانەیە لە وڵاتی سوید بە دەستی چەند كوردێكی هەرچوار پارچەی كوردستانی نیشتەجێی وڵاتی سوید دامەزرا لە ساڵی 2004 بەمەبەستی خزمەتكردنی كورد لەم وڵاتەدا بۆ ئەوەی لە بواری وەرزش دانەبڕێن، دامەزراندنی ئەم یانەیە كاردانەوەیەكی باشی لە لایەن كورد هەبوو و هاوكارییەكی تەواویان كرد و چەند یاریزانێكی كورد بوونی خۆیان لەم یانەیە دۆزییەوە و توانیان پێگەی خۆیان لە تیپەكە بەهێز بكەن.
تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی
لەگەڵ دروستبوونی یانەی (دالە كورد) بەشداری لە خولی پلە 7ی سوید كرد لە ساڵی 2005، توانی پلەی یەكەم بە دەستبهێنێت، بەپێی ئامارەكان لە ماوەی 6 ساڵدا یانەی (دالە كورد) توانی بگاتە خولی پلە دووی سوید ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەیی بوو لەم وڵاتە، چونكە هیچ یانەیەك نەیتوانیوە بەم خێراییە بگاتە خولی پلە دووی سوید و نزیك بێت لەسەركەوتن بۆ خولی پلە یەك، چونكە یانەی (دالە كورد) لە رووی تەمەنی دروستبوونی زۆر كورتە، كەچی توانی بەم خێراییە ناو و ناوبانگی بۆ خۆی دروست بكات ئەمەش بووە جێگەی سەرسوڕمانی یەكێتیی تۆپی پێی سوید و لە هەمان كاتدا خۆشحاڵی خۆیان بەم دیاردیە نیشاندا.
ئەمەش ساڵ و بەشداریكردنەكانی ئەم یانەیە لە خولەكانی سویدی:
2005 خولی پلە 7ی سوید پلەی یەكەم
2006 خولی پلە 6ی سوید پلەی یەكەم
2007 خولی پلە 5ی سوید پلەی یەكەم
2008 خولی پلە 4ی سوید پلەی یەكەم
2009 خولی پلە 3ی سوید پلەی یەكەم
2010 خولی پلە 2ی سوید پلەی شەشەم
2011 خولی پلە 2ی سوید پلەی چوارەم
2012 خولی پلە 2ی سوید پلەی هەشتەم
لە ساڵی 2013 واتە لە وەرزی ئەمساڵدا ئەم یانەیە زۆر نزیك بوو لەسەركەوتن بۆ خولی پلە یەكەكانی سوید، دوای ئەوەی توانی لە كۆمەڵەی خۆی لە باكوور پلەی دووەم بە دەستبهێنێت لە یارییەكی یەكلاكەرەوە بۆ دەستنیشانكردنی یانەی سەركەوتوو بۆ خولی پلە یەكەكان رووبەڕووی خاوەن پلەی دووەمی كۆمەڵەی باشوور بووە، لە یاریی یەكەم لە نێو یاریگەی خۆیدا توانی سەركەوتن بە دەستبهێنێت بەئەنجامی (1-0) گۆڵ، بەڵام لە یاریی دووەم لە یاریگەی تیپی بەرامبەر تووشی دۆڕانێكی گەورە هات و یارییەكەی بە ئەنجامی (5-1) گۆڵ دۆڕا، ئەمەش ئەنجامێكی چاوەڕواننەكراو بوو بۆ هەموو چاودێرانی ئەم خولە، چونكە یانەی (دالە كورد) لەم وەرزدا ئاستێكی یەكجار بەرزی پێشكەش كرد و پاڵێوراوێكی بەهێز بوو بۆ سەركەوتن.
خاوەن جەماوەرێكی زۆرە
ئەم یانەیە بەهۆی ئاست بەرزی و خێرایی گەشەكردنی لە خولەكانی سوید، ئێستا خاوەن جەماوەرێكی یەكجار زۆرە لەم وڵاتە بەتایبەتی كوردەكان، بۆیە لە ساڵی (2010) هاندەران بڕیاریان دا دەستەیەكی هاندان-ی تایبەت بە یانەكە دروست بكەن بەناوی (رۆژ) ئەم دەستەیە وەكو رێكخراوێكی ناحكوومییە بێ قازانج و سەربەخۆیە، بەڵام پاڵپشتی یانەكەیە لە یارییەكان ئەم بیرۆكەیە سەركەوتنێكی تەواوی بینی لە رووی گەشەكردن و زیادكردنی هاندەرانی یانەكە.
لە هەمان كاتدا ئەم دەستەیە لۆگۆی تایبەت بەخۆی هەیە و پەیجی فەرمی لە ماڵپەرەكانی فیسبووك و تویتەر هەیە بەمەبەستی رێكخستنی كارەكانیان، هەروەها ئاشناكردنی جەماوەری یانەكەیان لە دەرەوەی سوید بە دوایین ئەنجام و چالاكییەكانی یانەكە و لە گشت یارییەكاندا هاندەران بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە نێو یاریگا ئامادە دەبن بەمەبەستی هاندان.

هاندەرێكی تایبەت
ئێمە بە گشتی باسی هاندەرانی یانەكەمان كرد، بەڵام ئەم یانەیە خاوەن هاندەرێكی تایبەتە، كە ئامادەبوونی لە نێو یاریگا دەبێتە جێگەی خۆشحاڵیی یاریزانان و كارگێڕیی یانەكە، ئەویش (ئەرنفاین لۆكین) هاندەرێكی بەتەمەنە نیشتەجێی وڵاتی نەرویجە، هەموو یارییەكی یانەی (دالە كورد) لە ساڵی 2006 تا ئێستا لە هەر شوێنێكی سوید بێت لە نێو یاریگا ئامادەیە بۆ هاندانی یانەكە و بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكان ئەم هاندەرە لە نەرویجەوە دێتە سوید و بە پێچەوانەوە لە هەمان رۆژ دەگەڕێتەوە وڵاتی خۆی، ئەوەی سەیرە لەسەر حیسابی خۆی ئامادەی گشت یارییەكان دەبێت، بۆیە یانەكە بە بەوەفاترین و ئەمەكترین هاندەری یانەكەی دادەنێت، كە بەشێوەیەكی سەرسەخت هانی یانەكەی دەدات و هەروەها نموونەی هاندەری راستەقینەیە.
یاریگا
ئەم یانەیە خاوەن یاریگایەكی تایبەت بەخۆیەتی، كە شوێنی (6500) هەزار هاندەر دەبێتەوە لە گشت یارییەكان یاریگا پر هاندەر دەبێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە پاڵپشتییەكی دارایی بەهێز بۆ یانەكە، هەروەها پاڵنەرێكی دەروونی بەهێز دەبێت بۆ یاریزانەكان بەمەبەستی پێشكەش كردنی ئاستێكی بەرز لە یارییەكان.
ئارمیی یانەكە
یانەی (دالە كورد) خاوەن ئارمێكی تایبەت بەخۆیەتی ئەویش بەسوود وەرگرتن لە ئاڵای كوردستان لەگەڵ نووسینی ناوی یانەكە و ساڵی دامەزراندنی ئەمەش بووە هۆكارێك بۆ زیاتر ناساندنی یانەكە لە نێو كوردانی تاراوگە بە تایبەتی لە سوید.
دەستەی كارگێڕیی و یاریزانانی یانەكە
لە كۆتایی راپۆرتەكەدا بە پێویستی دەزانم، ناوی ستافی دەستەی كارگێڕیی یانەكە و یاریزانانی یانەكە بنووسین لەگەڵ رەگەزنامەیان بەمەبەستی ناساندنیان.
دەستەی كارگێری
رەمەزان كیزیلی سەرۆك یانە
دیلجین ئۆتلۆ بەڕێوەبەری تیپەكە
ئیسماعیل دۆندۆر سكرتێری یانە
دەستەی راهێنەران
رۆبێرت مانبۆ كینیا راهێنەر
ئوموت كۆج یاریدەدەری راهێنەر
ئەندریاس سوید راهێنەری گۆڵپارێز
یاریزانان
(فرانك پیترسون (سوید)، ئەربین گۆرزۆكۆڤیچ (سوید)، مایكل تۆهكانین (سوید)، دیار ئەڵتانی، سۆلۆجۆڤیج (بۆسنە)، پێشڕەو عەزیزی، لینۆس بۆلین (سوید)، مایكل ئوموها (نێجیریا)، عومەر جاگنی (گامبیا)، ئیاسۆ(ئەسیوبیا)، گازیم (ئەلبانیا)، ماسیاس (سوید)، كالی كەیال (فەڵەستین)، رێبین سۆلاكا، ئەلیكساندر(سوید)، جێسپێر میدین(سوید)، محەمەد كۆلاب (فەڵەستین)، سیلال سێرهانۆگلو،بڕوا نوری، كەریم ریبایی (تونس)، چیدی داودا (نێجیریا).
ئەوەی یانەكە شانازی پێوە دەكات سێ یاریزان لەم یانەیە یارییان كردووە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان كراون ئەوانیش:
1- نەدیم هەلیلۆڤیچ یاریزانی هەڵبژاردەی بۆسنە لە ساڵی (2009 تا 2011) لە ریزی یانەی (دالە كورد) یاریكردووە.
2- تیت ئەلاس یاریزانی هەڵبژاردەی ئیستۆنیا لە ساڵی (2010) لە ریزی یانەی دالە كورد یاریكردووە.
3- رۆبێرت مابۆ مامبا یاریزانی هەڵبژاردەی كینیا لە ساڵی 2011-2012 لە ریزی ئەم یانەیە یاری كردووە و پاشان بووەتە راهێنەری یانەكە لە وەرزی 2013 و توانی ئەنجامێكی بەرچاو بە دەستبهێنێت.
Top