ئاژانسەكانی هەواڵ لە وڵاتی ئینگلتەرا باشترین پێكهاتەی خولی ئەمساڵی یانەكانی ئینگلیزیان راگەیاند بەپێی ئەو ئاستەی یاریزانان بەگشتی پێشكەشیان كردووە بۆ خزمەتكردنی یانەكەیان. ئەمەو بەپێی راپۆرتەكان بۆ گۆڵپارێزی یاریزان دی خیا گۆڵپارێزی یانەی مان یونایتد دێت. بەڵام بۆ هێڵی بەرگری هەردوو یاریزانی ئاست بەرز دیڤد لویزی یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی تشلسی و دانیال ئەگیری بەرگریكاری لیڤەرپول بۆ بەرگریی باڵی راستیش ئیڤانۆڤیتش و بەرگریی باڵی چەپیش ئاشلی كۆل. بەمەش ئەوە دەردەكەوێت كە بەرگریكارانی بلوز بەدرێژایی وەرزی رابردوو سێ بەرگریكاریان لە نێو چوار بەرگریكارە ئاست بەرزەكان بوونە. سەبارەت بەهێڵی ناوەڕاستیش بەپێی پلانی یاریكردنی 4-3-3 هەرسێ یاریزانی ناوەڕاست ئەرون رامزی ئەرسنال و یایا تۆری مان ستی و مایكل كاریكی مان یونایتد باشترینەكانن بەجۆرێك هەریەك لە تۆری و كاریك وەك یاریزانی جێگیری بەرگریكار یاری دەكەن و لەكاتی هێرشبردن متمانە دەكەنە سەر رامزی. دەربارەی هێڵی هێرش بردنیش هەریەك لە هازاردی یانەی تشلسی لەباڵی راستی هێرشبردن و لویس سوارێزی لیڤەرپول لە باڵی چەپی هێرشبردن یاری دەكەن شانبەشانی رۆبن ڤان پێرسی لەیانەی مان یونایتد وەك هێرشبەری سەرڕم . شایەنی باسە لەم پێكهاتەیە گرنگترین ئەویاریزانەی شوێنی نەبۆتەوە یاریزانی یانەی ئەرسنال و پێشوی ریال مەدرید مەسعود ئۆزیلە كە پێویستی بەكاتی زیاترە بۆ جێگیركردنی شوێنی خۆی لە پێكهاتەی پریمەر لیگ.