كوردێك چووە بۆندیسلیگا...ژیلوان بە ئاڵای كوردستـان ماڵئاوایی لە خولی سوید و یانەی مالمۆ كرد

كوردێك چووە بۆندیسلیگا...ژیلوان بە ئاڵای كوردستـان ماڵئاوایی لە خولی سوید و یانەی مالمۆ كرد
ئا: رێبین رەمزی

ژیلوان حەمەد كێیە؟
ژیلوان حەمەد لە دایكبووی ساڵی 1990 ی شاری باكۆ ی وڵاتی ئازەربایجانە، دایك و باوكی خەڵكی شاری رانیە-ن، بەهۆی چوونیان لە ساڵی 1990 بۆ دەرەوەی وڵات لە وڵاتی ئازەربایجان لە چاوەڕوانی رۆیشتنیان بۆ سوید، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەم وڵاتە ژیلوان چاوی بە ژیان هەڵهێناوە دواتر چووەتە سوید و رەگەزنامەی ئەم وڵاتەی وەرگرتووە.
لە شاری ئۆربێرۆ، لە تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوان و تیپی یەكەمی یانەی هاوریبێر یاری كرد، بەهۆی ئاست بەرزیی چووە ریزی یانەی مالمۆ بەناوبانگترین یانە لە سوید و توانی شوێنی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكیی یانەكە بكاتەوە دواتر بووە كاپتنی ئەم یانەیە.
ژیلوان بانگهێشتی هەڵبژاردەی سوید بۆ تازەپێگەیشتووان و لاوان كراوە و كاپتنی هەڵبژاردەی لاوانی سوید بووە، پاشان بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەكەمی ئەم وڵاتە كراوە و یاریكردووە.
ژیلە زۆر شانازی بە كوردایەتیی خۆی دەكات و سێ جار سەردانی كوردستان-ی كردووە، كە جاری سێیەم لەگەڵ گەیشتنی بۆ هەولێری پایتەخت پێشوازییەكی گەرمی لێكراو و كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بۆ ئەنجامدرا، هەروەها سەردانی یانەی هەولێر و لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان-ی كرد دواتر لە شاری رانیە یارییەكی رێزلێنانیانی بۆ ئەنجامدرا ئەمەش بووە جێگەی دڵخۆشی ئەم یاریزانە لەم سەردانەیدا بۆ كوردستان رۆژنامەكانی سوید بەگرنگییەوە رووماڵی سەردانەكەی ژیلوانیان بۆ كوردستان كرد.
ماڵئاوایی كردن لە مالمۆ
چەند رۆژێك پێش ئێستا كاپتنی یانەی مالمۆ ژیلوان بە ئاڵای كوردستان ماڵئاوایی لە یانەكەی كرد، كاتێك لە نێو یاریگەی خۆیان توانیان نازناوی خولی سوید بە دەستبهێنن، هەروەها ئاهەنگی ماڵئاواییكردن بۆ ئەم یاریزانە رێكخرا، كە ژیلوان لە كاتی بەرزكردنەوەی نازناوی خولەكە بەئاڵای پیرۆزی كوردستان خولی جامی پاڵەوانێتییەكەی بەرزكردەوە، كە لە وەرزی ئەمساڵدا ئاستێكی بەرزی لەگەڵ یانەكە پێشكەش كرد لە هێڵی ناوەڕاست، ژیلوان لە ساڵی 2009 –وە لە ریزی ئەم یانەیە یاری دەكات و 125 یاری بۆ ئەنجام داون و 22 گۆڵی تۆماركردووە و لە وەرزی ئەمساڵدا 8 گۆڵی تۆماركردووە و بە باشترین یاریزانی خولی سوید دەستنیشانكرا.
ژیلە گرێبەستی لە گەورە یانەكانی ئەوروپا بۆ هات
لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵی خولەكانی ئەوروپا گەورە یانەكانی ئەم كێشوەرە ركابەرییان دەكرد بۆ بەدەستهێنانی واژووی ژیلوان، تاكو سوود لە ئاست بەرزی ئەم یاریزانە وەربگرن، هەریەكە لە یانەكانی (نۆریج سیتی، فۆلهام، وێستهام یۆنایتد،وێست برۆمیج ئەلبیۆن(ئینگلیزی)، لیل، سۆشۆ (فەرەنسی)، ئۆتریخت (هۆڵەندا)،نۆرشیلاند، برۆندبی (دانیمارك)، جەنەوا، كێیڤۆ ڤیرۆنا(ئیتاڵیا)، ئەنتاڵیا سپۆرت(توركیا)، یانەیەكی رووسی، رۆزنبێرگ(نەوریج)، هۆفنهایم، هانۆڤەر، بروسیا مونشنگڵادباغ، فرایبۆرگ(ئەڵمانیا) بەفەرمی گرێبەستیان پێشكەش بەم یاریزانە كردبوو، بەڵام دواجار ژیلوان یانەی هۆڤنهایم-ی هەڵبژارد لە خولی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی یارییان بۆ بكات و بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو گرێبەستی لەگەڵ ئەم یانەیە مۆركرد و درێسی ژمارە 11 لەم یانەیە لەبەر دەكات.
هۆكاری دەستنیشانكردنی ئەم یانەیە بە قسەكانی ژیلوان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هەلی یاریكردنی لەم یانەیە زۆرترە، هەروەها خولی ئەڵمانیا خولێكی بەهێزە دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت و راهێنەری هەڵبژاردەی سویدیش پێی راگەیاندووە، كە دەبێت لە یانەیەكی ئەوروپی بەشێوەیەكی سەرەكی یاریی بكات تاكو شوێنی خۆی لە هەڵبژاردەی یەكەمی سوید بدۆزێتەوە.
جێگەی باسە هاندەرێكی زۆر لە كوردستان هەوڵی سەیركردنی یارییەكانی ئەم یاریزانە بوون لە خولی سوید، بەڵام بەهۆی نەگواستنەوەی یارییەكانی ئەم وڵاتە لە بینینی ئاست بەرزیی ئەم یاریزانە بێبەش بوون، لەگەڵ چوونی بۆ خولی ئەڵمانیا هاندەرێكی زۆر بەپەرۆشەوە سەیری یارییەكانی یانەی هۆفنهایم دەكات بۆ سەیركردنی ئاستی یاریزانە كوردەكە لەگەڵ ئەم یانەیەدا.
Top