دونیا لوقمان: هەموومان وەك ئەندامانی یەك خێزان حەزمان لە یاریی بەرزكردنەوەی قورساییە
*ئاستی یاریی بەرز كردنەوەی قورسایی چۆن دەبینی بەشێوەیەكی گشتی؟
- یارییەكی تا بڵێی باشەو ئاستی لە بەرەو پێشچووندایە بەهیوای ئەوەم كچە یاریزانی دیكەیش روو لەم یارییە بكەن بۆئەوەی پاشەڕۆژی ئەم یارییە زیاتر گەشاوەبێت و ئێستا رۆژ بەڕۆژ ئاستی ئەم یارییە باش دەبێت و یاریزانیش زیاتر رووی تێ دەكەن.
* بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
-زیاتر گرنگی بە ئافرەت بدرێت بۆ ئەم یارییە، چونكە ئەمە یارییەكی قورسە هەموو ئافرەتێك بەشداری ناكات، هۆڵی تایبەت بكرێتەوە و خزمەتی بەردەوام بە ئافرەتان بكرێت و قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان دەبێتە هۆكارێكی باش بۆگەشە كردنی ئەم یارییە لە كوردستان.
* بۆچی ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
- ئەوەی راستی بێت لە رێگای باوكی خۆشەویستم كە خۆی راهێنەری بەرز كردنەوەی قورساییە بۆیە منیش ویستم رێچكەی ئەو بگرم و ئەویش هانی دام بۆهاتنە نێو ئەم وەرزشە.
*دەڵێن ئێوە خێزانێكی وەرزشكاران هەمووتان وایە؟
- بەڵێ لە ساڵانی هەشتاكانەوە باوكم وەرزش دەكات و منیش ماوەیەكی زۆر هاتوومەتە نێو ئەم وەرزشە و خوشكێكی بچووكیشم ئێستا هاتۆتە نێو ئەم یارییە براكانیشم وەرزشكاران ئێمە هەموومان خولیای زۆرمان هەیە بۆوەرزشكردن.
*چی بكرێت بۆئەوەی ئافرەتان زیاتر روو لە وەرزش بكەن؟
- ئەوەی راستی بێت ئافرەتی وەرزشكار توانای باشی هەیە پێم باشە زیاتر تواناكانی ئەو ئافرەتە وەرزشكارانە بهێننە پێشەوە كە خولیایان هەیە بۆ وەرزش و خۆیان دزیوەتەوە لە وەرزش كردن و گرنگی باش بە وانیش بدەن ئاستی وەرزش باش پێشدەكەوێت.
* ئەم وەرزشە گرانە بۆئافرەتان تا ئێستا تووشی هیچ كێشەو گرفت و كاری نەخوازراو نەبوویت لەم وەرزشە؟
- تاكو ئێستا سوپاس بۆخوا هیچ كات تووشی روداو كێشەو گرفت نەبوومەتەوە ئەوەش بۆ زیرەكی راهێنەرەكەم دەگەڕێتەوە.
*بەرنامەت چییە بۆداهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك لەم یارییە؟
- بەرنامەی ئەوەم هەبوو پەیمانگای وەرزشی تەواو بكەم و سێ ساڵ كاری خۆم لەسەر وەرزش كردن دانا كەچی منیان وەرنەگرت لە كاتێكدا من پاڵەوانی عەرەبم لە بەرزكردنەوەی قورسایی من هەرگیز ئەوەم لە بیر ناچێت و بە غەدری دەزانم.
* خاوەنی چەند ئەنجامی باشی وەكو یاریزان؟
- من جگە لەوەی پاڵەوانی كوردستان و عێراق و عەرەبم خاوەنی 21مەدالیای جۆراوجۆرم وەكو یاریزان .
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
- بەهیوای ئەوەم گرنگیی باش بەم یارییە بدەن و منیش بە پشتیوانیی خوای گەورە بتوانم بەشداری لە پاڵەوانێتیی ئاسیا بكەم لە داهاتوو ناوی خۆم و كوردستان بەرزكەمەوە.
* چی بەو كچانە دەڵێیت كە لە وەرزش كردن دوورن؟
- بەهیوای ئەوەم ئەوانیش بێنە نێو بواری وەرزش، چونكە بە وەرزش دەتوانن تواناكانی خۆیان نیشان بدەن و هەر بەم وەرزشەش دەتوانن ناوی خۆیان وڵاتەكەیان بەرز كەنەوە.
*یانەی ئافرەتانی هەولێر هاوكاریتان دەكەن؟
- بە سوپاسەوە بە پێی پێویست هاوكارمانن بەهیوای ئەوەم هەموو لایەك گرنگی بە یارییەكانی تاكی ئافرەتان بدەن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایی ئێمە هیچمان نەماوە؟
- بەهیوای ئەوەم لایەنی بەرپرس گرنگیی باش بە یارییە تاكەكان بدەن، چونكە چەندین یاریزانی بەتوانامان هەیە لە یارییە تاكەكان ئەگەر تۆزێك گرنگیان پێ بدرێت دەتوانن ئەنجامی باش بەدەست بهێنن.
