هەفتەی رابردوو لە بارەگای یانەی هەولێر، بەفەرمی دەستەی كارگێڕیی یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ راهێنەری لێهاتووی جەستەیی ئیسپانی گۆنزالۆ رۆدریڤێز گارسیا بۆ ماوەی وەرزێك مۆركرد. ئەم راهێنەرە خاوەن ئەزموونێكی زۆرە لە بواری لێهاتووی جەستەیی و دەرچووی كۆلێژی پەروردەی وەرزشی زانكۆی لیۆن لە فەرەنسا، هەروەها ماجستێری لە پەروەردەی وەرزشی لە زانكۆی رۆساریۆ لە ئەرژەنتین وەرگرتووە و پاشان دكتۆرای لە زانستی دەروونی وەرزشی لە زانكۆی قادش وەرگرتووە و پاشان بڕوانامەی پێشكەوتووی لە بواری لێهاتووی جەستەیی لە یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا وەرگرتووە. گۆنزالۆ یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی لاوانی ئیسپانیا بووە و دواتر لە ساڵی 2006 وەكو راهێنەری لێهاتووی جەستەیی لە یانەی یۆنیۆن دیڤرتیڤۆ سالامانكا كاری كردووە پاشان لە ساڵی 2008 لەسەر داوای راهێنەری ئیسپانی بەناوبانگ رافائێل بینێتیز بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یانەی لیڤەرپوول وەكو راهێنەری لێهاتوویی جەستەیی كاری كردووە و لە ساڵی 2010 بۆ ماوەی یەك وەرز لە یانەی بەلد وەلید لە خولی ئیسپانیا كاری كردووە و لە ساڵی 2011 لە یەكێك لە یانەكانی پلە دووەی ئیسپانیا كاری كردووە و لە هەمان وەرز پەیوەندیی بە یانەی ئەلباسیتی كردووە بۆ ماوەی دوو وەرز پاشان لە وەرزی 2013 لەسەر داوای یاریزانی بەناوبانگی ئیسپانیا و یانەی بەرشلۆنە ئەنێستا بووە راهێنەری سەرەكی ئەم یانەیە، كە ئەنێستا خاوەنی ئەم یانەیە و ئێستاش پەیوەندی بە یانەی هەولێر كردووە. گۆنزالۆ خاوەن پەیوەندییەكی بەهێزە لەگەڵ راهێنەری رافائێل بینێتیز و یاریزان ئەنێستا و چەند یاریزانێكی تر.