راهێنەری ئیتالیا ستایشی ئاستی تۆتی دەكات

راهێنەری ئیتالیا ستایشی ئاستی تۆتی دەكات
سیزاری براندێلی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتالیا ستایشی ئاستی یاریزان و كاپتنی یانەی رۆما فرانشیسكۆ تۆتی دەكات كە ئێستا لەگەڵ یانەكەی ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات و پلەی یەكەمی خولی ئیتالیایان وەرگرتوە بە تۆماركردنی حەوت سەركەوتنی لەسەریەك كە بۆ یەكەم جارە یانەیەكی ئیتالی ئەم سەرەتایە بەهێزە تۆماردەكات و لە حەوت هەفتەی یەكەمدا حەوت سەركەوتن تۆمار دەكات . براندیلی كەلەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتالیا گەیشتنی بۆ یارییەكانی مۆندیالی بەرازیلی 2014 مسۆگەر كردووە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی : بەراشكاوانە دەڵێم ئەگەر مۆندیال لەدوای یەك مانگ یارییەكانی دەست پێبكات ئەوە بێگومان یاریزان تۆتی لە پێكهاتەی ئیتالیا دەبوو چونكە ئاستێكی بەرز و جێگیر پێشكەش دەكات، بەڵام ئێستا ناتوانم دەربارەی مۆندیالێك و مەسەلەیەك قسە بكەم كە لەدوای 8 مانگی دیكە یارییەكانی دەست پێدەكات، ئێمە سەیری ئاستی تۆتی دەكەین لە كۆتایی وەرزدا و ئەو كات بارودۆخەكە هەڵدەسەنگێنین ئەگەر لەهەمان ئاستەكەی ئێستا بێت بە تایبەتی لە لایەنی جەستەیی ئەوە تۆتی لەگەڵ خۆمان دەبەین بۆ وڵاتی بەرازیل . براندێلی ئەوەشی راگەیاند كە ئێستا بەهیچ شێوەیەك قسەی لەگەڵ تۆتی نەكردووە و پێویستی بەقسەكردن نییە بەڵام ستایشی ئاستی ئەم یاریزانەی كرد كەتوانایەكی هونەریی بەرز لەگەڵ یانەی رۆما پێشكەش دەكات . تۆتی تەمەن 37 ساڵ لەدوای مۆندیالی 2006 -ەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتالیا یاری نەكردووە بەڵام ئامادەیی خۆی نیشاندا بگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی ئازۆری ئەگەر بزانێت لەكۆتایی ئەم وەرزە توانای هونەریی و جەستەیی یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی خزمەتی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بكات.
Top