پێشكەوتن پاڵەوانی بلیاردی یانەكانی هەولێر بوو

پێشكەوتن پاڵەوانی بلیاردی یانەكانی هەولێر بوو
بەمەبەستی گرنگیدان زیاتر بە یارییەكانی بلیارد لە شاری هەولێرو خۆئامادەكردن بۆ پاڵەوانێتیی عەرەب كە بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە یارییەكانی لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەدەچێـت، یەكێتیی بلیاردی هەولێر بە بۆنەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان پاڵەوانێتیی بلیاردی سنۆكەری 22تۆپی بەبەشداریی شازدە یانەی نێو شاری هەولێرو و دەوروبەری ئەنجامدا، لە پاڵەوانێتییەكە یاریزانانی بەشداربوو بۆ ماوەی چوار رۆژ بە سیستەمی یەك دۆڕان دوور دەخرایەوە لە پاڵەوانێتییەكە كێبڕكییان دەكرد لەسەر گەیشتنیان بە ریزی هەڵبژاردەی هەولێر بۆبەشداری كردن لە پاڵەوانێتیی عەرەب، لە بارەی پاڵەوانێتییەكە جەوهەر پیرە سكرتێری لقی هەولێری بلیارد بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: ئاستێكی بەرزی هەبوو ئێمە مەبەستمان زیاتر گرنگیدانە بە یارییەكانی بلیارد و خۆئامادەكردنی یاریزانانە بۆپاڵەوانێتیی عەرەب، یاریزانانی بەشداربووش ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد،دوای ئەنجامدانی چەندین یاری هەردوو یانەی پێشكەوتن و هەندرێن گەیشتنە یاریی كۆتایی و لە ئەنجامیشدا یانەی پێشكەوتن یارییەكەی بردەوەو بووە پاڵەوانی بلیاردی هەولێرو هەریەك لە یانەكانی هەندرێن و ئارارات وهەولێر پلەكانی دووەم و سێیەمیان بەهاوبەشیی بەدەست هێنا، هەریەك لەیاریزانان (ئیبراهیم، شێروان، دانا، سامان) گەیشتنە ریزی هەڵبژاردەی هەولێربەشداریی پاڵەوانێتیی عەرەب دەكەن.
Top