یانەی دهۆك بۆند لەگەڵ راهێنەرێكی ئیسپانی مۆر دەكات

یانەی دهۆك بۆند لەگەڵ راهێنەرێكی ئیسپانی مۆر دەكات
بەمەبەستی بەهێزكردنی یانەكەی لە خولی بژاردەی عێراقی و بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكە دەستەی كارگێڕیی یانەی دهۆك بەردەوامە لە بەهێزكردنی تیپەكە بۆ ركابەری پێكردنی لە وەرزی نوێی خولەكە، لە ئێستاشدا دەستەی كارگێڕیی یانەی دهۆك بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ راهێنەری هێزی جەستەیی یانەی خیتافی ئەڵیخاندرۆی ئیسپانی بە راهێنەری هێزی جەستەیی تیپەكە دەست نیشان كرد بۆئەوەی لە وەرزی نوێ بتوانێ یاریزانانی یانەی دهۆك بە باشترین شێوە ئامادە بكات تاكو لە رووی هێزی جەستییەوە بە هێزترین تیپ بن لەسەر ئاستی عێراق، لەلایەكی دیكەشەوە دەستەی كارگێڕیی یانەی دهۆك دوای ئەوەی لەگەڵ كاوە ئیبراهیمی راهێنەری گۆڵچییەكانی یانەكەی رێكنەكەوتن لەسەر نوێ كردنەوەی گرێبەستەكەی، بۆیە پەنایان بۆ عیماد هاشمی راهێنەری پێشووی گۆڵچییەكانی یانەی هەولێر بردەوە لەم بارەشەوە دكتۆر مەحەمەد سەعید جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی دهۆك بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە ئەمساڵ دەمانەوێ تیپێكی بەهێز دروست بكەین لە گشت روویەكەوە بۆیە بەفەرمی گرێبەستمان لەگەڵ ئەڵیخاندرۆی ئیسپانی مۆركرد بۆئەوەی لە وەرزی داهاتوودا بتوانین تیپەكەمان لە گشت روویەكەوە ئامادەبێت تاكو ململانێی بەهێز لەگەڵ تیپەكانی تردا بكەین، گوتیشی نیازی ئەوەمان هەبوو گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێكی ئێرانی واژوو بكەین بەڵام رێكنەكەوتین، گوتیشی عیماد هاشممان بەفەرمی دیاری كرد بۆ سەرپەرشتی كردنی گۆڵچییەكانی یانەكەمان لە خولی بژاردە، لە ئێستاشدا گفتوگۆی زۆرمان هەیە لەگەڵ ژمارەیەك یاریزانی بەتوانا بۆئەوەی لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا گرێبەستیان بەفەرمی لەگەڵدا واژوو بكەین، لەبارەی بڕی گرێبەستەكانیان ناوبراو ئامادەنەبوو هیچ ئاشكرا بكات.
Top