دوای پەیوەندیكردنی بەیانەی ئەرسنالی ئینگلیزی، ستایشكردنی ئاستی یاریزانی ئەڵمانی مەسعود ئۆزیل لەهەموو لایەكەوە بەردەوامە، لە سێ یاری یەكەمیدا لەگەڵ یانەی گەنەرز ئۆزیل چوار گۆڵی دروستكردووە و یارمەتیدەر بووە لە سەركەوتنەكانی یانەكەی، راهێنەری یانەی ئەرسنال ئارسن ڤینگەر بەردەوامە لە ستایشكردنی ئاستی یاریزانی ئەڵمانی و دووپاتیكردەوە پێشبینی ئاستێكی بەرزتر لە ئۆزیل دەكات، ڤینگەر لە لێدوانێكیدا گوتی: من متمانەی تەواوم بە ئۆزیل هەیە لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی هەماهەنكی ئاستێك و توانایەكی بەرزتر پێشكەش بكات و زیاتر یارمەتی یانەكەمان دەدات . هەروەها ڤینگەر گوتی : ئۆزیل لە جۆری یاریزانی هۆڵەندی بێركامبە، ئۆزیل لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەكات بەڵام دەتوانێ لە یارییەكانی داهاتوو گۆڵیش تۆمار بكات، ئێستا تەنها بیر لەوە دەكاتەوە گۆڵ بۆ یاریزانەكانی دیكە دروست بكات و لەم ئەركەش سەركەوتوو بووە . لەلایەن خۆیەوە راهێنەری ئیتاڵی بەناوبانگ فابیۆ كاپیلۆ بەهەمان شێوە ستایشی ئاستی یاریزان ئۆزیلی كرد و پێی سەیر بوو كەیانەی ریال مەدرید بەئاسانی دەستبەرداری یاریزانێكی هاوشێوەی ئۆزیل بوو چونكە ئۆزیل یەكێكە لەباشترین یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست لەجیهان كە دەتوانێت بەئاسانی هەل بۆ هێرشبەران بڕەخسێنێت . شایانی باسە یاریزان ئۆزیل لە یانەی ریال مەدریدەوە پەیوەندی بەیانەی ئەرسنال كرد بەرامبەر بە 50 ملیۆن یۆرۆ .