فەرەنسا بووە پاڵەوانی باسكەی ئەوروپا

فەرەنسا بووە پاڵەوانی باسكەی ئەوروپا
هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا نازناوی پاڵەوانییەتی جامی نەتەوەكانی ئەوروپای لە یاریی تۆپی باسكە بەدەست هێنا كە یارییەكانی لە وڵاتی سلۆڤینیا كۆتایی هات، لەیاری كۆتاییدا هەڵبژاردەی فەرەنسا رووبەڕووی هەڵبژاردەی لیتوانیا بۆوە، لە دوای ئاستێكی بەرزەوە لەلایەن یاریزانانەكانی، هەڵبژاردەی فەرەنسا یارییەكەی بردەوە بەئەنجامی 80 خاڵ بەرامبەر 66 خاڵ بۆ هەڵبژاردەی لیتوانیا، لە یارییەكەدا یاریزان تۆنی پاركەر كە لەخولی ئێن بی ئەی ئەمریكی یاری دەكات ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و رابەرایەتی هەڵبژاردەكەی كرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا .
لەلایەكی دیكەوە هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەڵگری نازناوەكە لە دوا دوو پاڵەوانییەتی پلەی سێیەمی بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە هەڵبژاردەی كرواتیای بردەوە بە ئەنجامی 92 خاڵ بەرامبەر 66 خاڵ، هەروەها هەڵبژاردەی سلۆڤینیا پلەی پێنجەمی بەدست هێنا دوای ئەوەی بە ئەنجامی 69 خاڵ بەرامبەر 63 خاڵ لە هەڵبژاردەی ئۆكرانیای بردەوە .
بەم ئەنجامانە هەریەك لە هەڵبژاردەكانی فەرەنسا و لیتوانیا و ئیسپانیا و كرواتیا و سلۆڤینیا و ئۆكرانیا وەك نوێنەرانی كیشوەری ئەوروپا گەیشتنیان بۆ یارییەكانی مۆندیالی باسكەی 2014 مسۆگەر كردووە كە یارییەكانی كۆتایی لەساڵی داهاتوو لە وڵاتی ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت.
Top