شیلان حوسێن: خاوەنی ژمارەی پێوانەییم لە هاویشتنی قورسایی لەسەر ئاستی كوردستان
یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی شاری سلێمانی لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان وتۆپی باسكە و خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە تایبەتی لە هاوێشتنی یاریی دیسك كە خاوەنی چەندین ژمارەیی پێوانەییە، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1987ی هەمان شارە و ئەمساڵیش لەگەڵ تیپی گۆڕەپان ومەیدانی لەیاریی هاویشتنی دیسك و قورسایی یانەی پێشمەرگە توانی ئەنجامی بەرچاو لە پاڵەوانێتیی كوردستان بەدەست بهێنێت، دەرچووی پەیمانگای وەرزشی شاری سلێمانییەو ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.
*چۆن بوو، هاتیتە نێو دنیای یاریی گۆڕەپان ومەیدانەوە؟
- تاكە ئاواتی ژیانی وەرزشیم گەیشتن بوونم بوو بە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان هەر چەندە بۆ كچانیش زۆر كات یارییەكی گرانە، بەڵام توانیم بەهیواكانم بگەم و خۆم لەم یارییە بدۆزمەوە.
* ئاستی یاریی گۆڕەپان ومەیدان لە كوردستان بەگشتی چۆن دەبینی ؟
- سوپاس بۆخوا ئەم یارییە لە ئاستێكی بەرزدایە و لەو بڕوایەشم رۆژ بەرۆژ ئاستی ئەم یارییە بەردەوام لە بەرەو پێش چووندابێت ئەگەر پشتیگریی بەردەوامیش هەبێت بێگومان پاشەڕۆژی ئەم یارییە زۆر گرنگە بۆ هەموو لایەك.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە سلێمانی لە چ ئاستێكە؟
- بەبڕوای من تاڕادەیەك ئاستێكی باشی هەیە، لەلایەن یانەكانیش گرنگیی زۆر بە تیپی گۆڕەپان و مەیدان دەدرێ، یانەكانی شارەكەش ئەنجامەكانیان زۆر باشە لە چاو یانەكانی تر بەهیوای ئەوەشم ئەم پشتگیرییە هەربەردەوام بێ.
*پێت باشە چی بكرێت،بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان ؟
- كردنەوەی زیاتری پاڵەوانێتی بۆیاریزانان و تیپەكان ئاستی ئەم یارییە زیاتر پێشدەكەوێت، لە كوردستانیش پێویستە زیاتر گرنگی بە كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بدرێت بۆئەوەی لە داهاتوو یاریزانی باشمان دەست بكەوێت بۆدوا رۆژی وەرزشی كوردستان سوودیان هەبێت.
* باشترین ئەنجامەكانت چین وەكو یاریزان ؟
- خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بەردەوام لە پاڵەوانێتییەكاندا پلەكانی یەكەمم بەدەست هێناوە ئێستاش خاوەنی ژمارەی پێوانەییم لەسەر ئاستی كوردستان لە هاویشتنی قورسایی بۆ ئاستی كچان هیواشم وایە بەردەوام ئەنجامەكانم بەرچاو بێت و گرنگی بەتوانای خۆم بدەم.
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەكو یاریزانێك ؟
- بەردەوام لە مەشق كردنم بۆئەوەی بەشێوەیەكی باش خۆم ئامادەكەم بۆپاڵەوانێتییەكانی داهاتوو لەسەر دەستی راهێنەری بەتوانای تیپەكەم مامۆستا بێستون كەهەمیشە پاڵپشتی بەهێزم بووە لە مەشقەكانم، ئێستاش دەمەوێ بەردەوام بم لەسەر بەدەست هێنانی شكانی ژمارەی پێوانەیی زیاتر.
*كێشەو گرفتان چیە لەم یارییە ؟
- زۆر كات نەبوونی یاریگا بۆئەنجامدانی مەشقەكانمان گرفت دەبێت بۆ راهێنانی بەردەوام و یارییە تاكەكان بەردەوام لە گرفتدان.
* لە خێزانەكەتدا هیچ كەسێكتان وەرزشوانە ؟
- بەڵێ بە شانازییەوە چەند كەسێكی تر لە خانەوادەكەمان وەرزشوانن.
*خانەوادەكەت رێگری لە وەرزش كردنت ناگرن ؟
- زۆر سوپاس بۆخوای گەورە كە خانەوادەیەكی زۆر باشم هەیە هەموو كات پشتگیرو پشتیوانی منن لە یارییەكان بۆیە هەموو كات هاوكاریم دەكەن بۆئەوەی گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك ؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم وەكو كچە كوردێك لە پاڵەوانێتیی دەرەوەی كوردستان ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم و بەردەوام گرنگی بە تواناكانی خۆم بدەم.
*یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هاوكاریتان دەكەن ؟
- بەڵێ بەخۆشحاڵییەوە هاوكارێكی باشی من و هەموو یاریزانانی تیپەكەمانن ئەوان هۆكارن بۆسەرخستنی ئێمە.
* بەچ یاریزانێك سەرسامی؟
- بە میسی ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە.
*جگە لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان چ یارییەكی تر ئەنجام دەدەیت؟
- یارییەكانی تۆپی باسكە و بالەو دەستم ئەنجام داوە لە تۆپی باسكە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشم.
