لە خولی بژاردەی باسكەی كچانی كوردستان سیروانی وئەكاد درێژە بەسەركەوتنەكانیان دەدەن

لە خولی بژاردەی باسكەی كچانی كوردستان  سیروانی وئەكاد درێژە بەسەركەوتنەكانیان دەدەن
كارزان كانەبی

لەمیانی یارییەكانی هەفتەی دووەمی خولی باسكەی بژاردەی كچانی یانەكانی كوردستان كە یارییەكانی بەبەشداری چوار یانەی هەریەك لە شارەكانی هەولێرودهۆك وسلێمانی هەفتانە بەرێوە دەچێت، لە شاری سلێمانی لە یارییەكی بەهێزدا لە دێربی شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری هەردوو تیپی باسكەی كچانی سیروانی نوێ‌ وسلێمانی لە یارییەكی گرنگدا بەیەك گەیشتن، لەم یارییەشدا كچانی هەردوو یانە بە درێژایی ماوەی یارییەكە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد لە یارییەكەدا، لە ئەنجامی كۆتایش یانەی سیروانی نوێ‌ تواین یارییەكە بباتەوە بە ئەنجامی (76-60)خاڵ و دووەم سەركەوتنی لەسەر یەكی لە خولەكە تۆماركرد،

لەشاری دهۆكی دەلالیش لە یارییەكی یەكجار بەهێزدا هەردوو تیپی كچانی ئەكادی عەنكاوەی هەولێری پایتەخت وسەنحاریبی دهۆك رووبەرووی یەكتری بوونەوە لەم یارییەشدا كچانی یانەی ئەكاد بە پشت بەستن بە چەندین یاریزانی ئاست بەرز و بەتوانای ناحیەی عەنكاوە توانیان سەركەوتنێكی گرنگ بەدەست بهێنن بە ئەنجامی (70-61)خاڵ یارییەكەی بردەوە و دووەم سەركەوتنی لەسەر یەكی لە خولەكە تۆماركرد، جیگای ئاماژە پێكردنە ئەم پاڵەوانێتیە لەلایەن یەكێتی ناوەندی تۆپی باسكەی كوردستان سەرپەرشتی دەكرێت. بە شێوازی چوون و هاتن، لەلایەن خۆشیەوە عەبدول عەزیز ئەعسەد ئەندامی یەكێتی ناوەندی باسكەی كوردستان بۆرۆژنامەی خەبات گوتی: ئێمە وەكو یەكێتی ناوەندی تۆپی باسكەی كوردستان وەكو بەرنامەی خۆمان رێكخستوە كە ساڵانە خول ئەنجام دەدەین بۆتیپەكانی ئاستەكانی جیاواز لە ئاستی یانەكانی كوردستان لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان و بەرنامەی باشمان دەبێت بۆباسكە لە كوردستان بەهیوای ئەوەین ئەم خولەش بەسەركەوتوویی بەرێوەببەین.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Top