كریستیانۆ بەنیازی 200 گۆڵی دیكەیە لەگەڵ یانەی شاهانە

كریستیانۆ   بەنیازی 200 گۆڵی دیكەیە لەگەڵ یانەی شاهانە
دوای ئەوەی ئەستێرەی پورتوگالی كریستیانۆ رۆنالدۆ بۆندەكەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تا ساڵی 2018 درێژكردەوە بە مووچەی 17 ملیۆن یۆرۆ لە هەر ساڵێكدا، یاریزانی ناوبراو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە مانەوەی لەگەڵ یانەی شاهانە تا تەمەنی 33 ساڵیدا، كریستیانۆ رۆنالدۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووپاتیكردەوە كە تەنها پارە هۆكار نەبووە لە تازەكردنەوەی بۆندەكەی بەڵكو یاریكردن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید و بەردەوامی لەبەدەست هێنانی نازناوەكان هۆكاری سەرەكی لەم هەنگاوەی بووە و هیوای ئەوەی خواست لەیاریگای سانتیاگۆ بەرنابیۆ تا كۆتایی ژیانی وەرزشی لەیاریكردن بەردەوام بێت .
هەروەها كریستیانۆ رۆنالدۆ لە درێژەی قسەكانی گوتی : هیوادارم لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو 200 گۆڵی دیكە بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمار بكەم، من بە نیاز نیم ژمارە پێوانەییەكانی رائول گۆنزالیس و رۆنالدۆی دیاردەی بەرازیلی بشكێنم هەرچەندە ژمارەكان بۆ ئەوە دانراون كە ژمارەی پێوانەیی دیكە تۆمار بكرێن .
شایانی باسە یاریزان كریستیانۆ رۆنالدۆ لە 203 یاری لەگەڵ یانەی شاهانە 204 گۆڵی تۆمار كردووە لەسەرجەم یارییە فەرمییەكان و نۆزدەهەمین گۆڵكەرە لە مێژووی خولی ئیسپانیا و شەشەمین گۆڵكەرە لە مێژووی یانەی ریال مەدرید.
Top