چالاك حوسێن یاریزانی هێزی لەشی هەڵبژاردەی عێراق: لەسەر ئاستی ئاسیا پلەی یەكەمم بەدەست هێناوەو خاوەنی چەندین مەدالیای زێڕو زیو و برۆنزیشم
چالاك حوسێن یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی هەرێمی كوردستان و عێراقە لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی چەندین ئەنجامی بەرچاو لەگەڵ هەڵبژاردەی هێزی لەشی عێراقی بەدەست بهێنێت،هەرچەندە ناوبراو لە سەرەتای ساڵی 2008دەستی بەم وەرزشە كردووە لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامەكانی بەرچاون، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1992ی شاری هەولێرە ئێستاش جگە لە هەڵبژاردەی عێراقی بۆهیچ یانەیەك یاریی ناكات، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.
*ئاستی یاریی هێزی لەش لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی چۆن دەبینیت ؟
- هەرچەندە ئەم یارییە یارییەكی زۆر قورسە هەموو كەسێك خۆی لێنادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان لە بەرەوپێش چووندایە و پێشبینیش دەكەم رۆژ بەڕۆژ ئاستی بەرزتر بێت، لەئێستادا ئەگەر پشتگیرییەكی باش هەبێت.
* بۆچی ئەم یارییەت هەڵبژارد كاتێ هەموو كەسێك خۆی لەم یارییە نادات؟
- ئەوە خەونی منداڵیم بووە كە من هەمیشە حەزم لە بەهێز بوون بووە، بۆیە بە سەركەوتوویش توانیم خۆمی تێدا بدۆزمەوە.
* چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستاندا؟
- پێش هەموو شتێك ئەگەر بمانەوێ ئاستی ئەم یارییە پێش بكەوێت دەبێ بەردەوام خزمەتی ئەم یارییە بكرێت و هۆڵ و راهێنەری بەتوانا بۆ یاریزانان دابین بكرێ، ئامێرو كەلوپەلی سەردەمیانە دەستەبەر بێت بۆیاریزانان ئەوانیش ئەنجامی باش بەدەست دەهێنن.
* هەست ناكەیت لە شارەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە نادرێت؟
- لەلایەن یانەكانی كوردستان گرنگییەكی وای پێ نادرێت كە ببێتە هۆكاری دڵخۆش بوونی یاریزانان بەتایبەتی لە شاری هەولێرگرنگی پێدانەكەی وەكو پێویست نییە.
* هیج كات تووشی رووداوی نەخوازراو نەبوویت لەم یارییەدا؟
- بەڵێ زۆریش تووش بوویمە، بەڵام سوپاس بۆخوای گەورە ئیرادەیەكی باشم هەبووە، بۆیە توانیومە لە وەرزش بەردەوامبم.
* كێشەو گرفتەكانتان لەم یارییەدا چییە ؟
- نەبوونی كەلوپەلی پێویست لەم یارییە ئەوە هۆكارێكی سەرەكییە كە كێشە بۆ یاریزانان دروست دەكات لە ئەنجامدانی مەشقەكان، جگە لەوەش ئەگەر بتەوێ ئاستی یاریزانان بەرز بكەیتەوە دەبێت مووچەیەكی باشی بۆدابین بكەیت لەگەڵ ئەوەشدا هیچ مووچەیەك نییە لەلایەن یانەكانەوە بۆیاریزانان.
* یانەكانی شاری بەغدا داوایان لی كردوویت بۆیاری كردن؟
- بەڵێ یانەی جەیشی شاری بەغداد داوای لێ كردووم.
* وەكو یاریزان هیواو ئاواتت لەم یارییەدا چییە ؟
- دەمەوێ لە هەر شوێنێك بێت دامبمەرزێنن بۆئەوەی باشترین شێوەی خزمەتی وەرزشەكەی خۆم بكەم.
* وەكو یاریزانێك بەرنامەت بۆداهاتووی خۆت چییە ؟
- من دەمەوێ هەموو ژیان پێشكەشی وەرزشی كوردستان بكەم لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی وەرزشی بتوانن ژیانم بۆدابین بكەن بۆئەوەی لەداهاتووشدا بەردەوامم بم لەخزمەت كردن.
* باشترین ئەنجامەكانت لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق و یانەكان و خاوەنی چەند میدالیایت؟
- لەسەر ئاستی ئاسیا پلەی یەكەمم بەدەست هێناوە، خاوەنی 5مەدالیای زێڕو6مەدالیای زیوو و4مەدالیای برۆنزم.
* بۆچی لە هیچ یانەیەكی كوردستان یاری ناكەیت؟
- حەز دەكەم بۆیانەیەكی كوردستانی یاری بكەم بەمەرجێك هاوكاریم بكەن.
