20 یاریزان و 5 راهێنەری كورد لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بۆ پایسكلسواری دەستنیشان كران
لە هەڵبژاردەی كچانی عێراق راهێنەری یانەی هەولێر عەبدولقادر نورەدین وەكو راهێنەری هەڵبژاردەكە دەستنیشان كرا شانبەشانی ئەو راهێنەرە هەریەكە لە یاریزانان (نیان یاسین، سۆزی دلشاد، لاڤان ئەحمەد (یانەی نەورۆز)، زریان عەتا، لانجە سەلام (یانەی دووكان) بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كران، كە خۆیان بۆ پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی ئامادە دەكەن، وا بڕیارە لە رۆژی (6-10-2013) لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەبچێت.
هەروەها سێ یاریزانی كورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەكەمی عێراق كران بەمەبەستی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی، كە لە وڵاتی بەحرێن بەڕێوە دەچێت، یاریزانە بانگهێشتكراوەكانیش (دلۆڤان كۆسرەت، ئامانج شێرزاد(یانەی هەولێر)، ئاری جەلال (یانەی كۆیە).
لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق راهێنەری یانەی هەولێر موسا موحسین وەكو راهێنەری هەڵبژاردەكە دەستنیشان كرا و سەمیر سدیق راهێنەری یانەی برایەتی وەكو یاریدەدەری راهێنەر دەستنیشان كرا شانبەشانی ئەوانیش پێنج یاریزانی كورد بانگهێشتی هەڵبژاردەكە كران بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەبی، كە لە وڵاتی بەحرێن بەڕێوە دەچێت یاریزانە بانگهێشتكراوەكانیش (عوسمان عەلی، جاسم هانی، یونس عەبدولحەكیم (یانەی هەولێر)، هونەر عەبدولستار، ئەبو بەكر سەدیق(یانەی برایەتی).
لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان راهێنەری یانەی هەولێر ئۆرفیۆس جەلال وەكو راهێنەری هەڵبژاردەكە دەستنیشان كراوە لەگەڵ راهێنەری یانەی سۆلاڤ فەرمان رەحمان، هەروەها 7 یاریزانی كوردیش بانگهێشتی هەڵبژاردەكە كراوە ئەوانیش (هێمن ئەحمەد، محەمەد عەبدوڵڵا(یانەی هەولێر)، موراد فەرهاد، دوومان رەجب( یانەی ئامێدی)، رەوەند شێركۆ(یانەی سۆلاڤ)، ئاڵان سەعدەدین (یانەی دهۆك)، كارۆش ئازاد (یانەی عەمادیە).
جێگەی باسە چاوەڕوانی ئەنجامێكی باش لەم یاریزانانە دەكرێت لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە بەتایبەتی هەڵبژاردەی كچانی عێراق.
