خۆشحاڵیی یاریزانان بە جێبەجێكردنی تەكنەلۆژیای هێڵی گۆڵ لەئینگلتەرا

خۆشحاڵیی  یاریزانان بە  جێبەجێكردنی  تەكنەلۆژیای هێڵی گۆڵ لەئینگلتەرا
جێبەجێكردنی پلانی تەكنەلۆژیای هێڵی گۆڵ لە خولی ئینگلتەرا بۆ تۆپی پێ كە بە چاوی باز ناسراوە بۆتە جێی خۆشحاڵی هەموو لایەك بەتایبەت دوای ئەوەی ئەم تەكنەلۆژیایە چووە بواری جێبەجێكردنەوە بەشێوەیەكی پراكتیكی و جێبەجێكردنی بۆیەكەمجار لە یاری قەڵغانی خێرخوازی لەنێوان مان یونایتد و ویگان لە پێش دوو هەفتە، هەروەها لەیاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەراو ئوسكتلەندا لەیاریگای ویمبلی لەندەنی پایتەخت لەگەڵ یارییەكانی هەفتەی یەكەمی خولی نایابی ئینگلتەرا. ئەوەی جێی ئاماژەیە لەئێستادا كاردەكرێت بۆ دانان و بەكارهێنانی لەسەرجەم یاریگای هەر بیست تیپە بەشداربووەكەی خولی نایابی ئینگلتەرا، بەمەبەستی دڵنیابوون لە پەرینەوەی تۆپ لەسەر هێلی گۆڵ یاخود بەپێچەوانەوە لەهەر یاریەكی خولی ئینگلیزیدا، لای خۆیەوە رۆژنامەی دەیلی میلی بەریتانی لەمانشیتەكی گەورە لەزاری كیڤن دی برۆین نوسیویەتی ئەم تەكنەلۆژیایە بەشێوەیەكی باش كار دەكات. جێگای باسە لەیەكەم یاری یانەی چێلسی و هال ستی ناوبژیوانی یاریكەی ناچاربوو پەنا بەرێتە بەرئەم تەكنەلۆژیایە دوای ئەوەی یاریزانی چێلسی برانسیلاڤ ئیڤانۆڤیچ لەكاتی زیادكراوی یاریەكە بەسەر تۆپێكی ئاراستەی گۆڵی بەرامبەر كردو گۆڵچی هال ستی ماكگریگۆر بەدووجار توانی كۆنترۆلی بكات، هەروەها لەیاری ئەرسنال و ئەستۆن ڤیلا كە یاریزان فابیان دیلف شوتێكی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ كردو بەستوون كەوت ولەسەر هێلی گۆڵ رەت بوو. جێگای ئاماژە پێكردنە جێبەجێكردنی ئەم تەكنەلۆژیایە بەشێوەیەكی فەرمی دواكەوت بۆ وەرزی نوێی ئەمساڵ، هەرچەندە سێ ساڵ لەمەو بەر رووداوی لەمجۆرە روویداو گۆڵێكی دروستی یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا فرانك لامپارد لەجامی جیهانی 2010 باشووری ئەفریقیا ئەژمار نەكرا كە لەدووبارەكردنەوەی دیمەنە ڤیدیۆیەكان بەروونی دەردەكەوێت بەتەواوی تۆپەكە هێڵی گۆڵی بڕیوە.
Top