مەریەم عەبدولحەمید: یاریی جومناستیك زەحمەت بوو بۆ من، بۆیە رووم لە گۆڕەپان و مەیدان كرد

مەریەم عەبدولحەمید:  یاریی جومناستیك زەحمەت بوو بۆ من، بۆیە رووم لە گۆڕەپان و مەیدان كرد
مەریم عەبدولحەمید یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر، لە ساڵی 2000 لە دایكبووە و پۆلی دووەمی ناوەندییە، ئەم كچە یاریزانە هەر زوو توانی شوێنی خۆی لە نێو پاڵەوانەكانی یاریی گۆڕەپان و مەیدان بدۆزێتەوە و ژمارەی پێوانەیی لە یاریی خۆهەڵدانی بەرز تۆمار بكات، بەمەبەستی بایەخدان بەم كچە بەهرەدارە، ئەم دیمانەیەمان ئەنجام دا.
دیمانە: رێبین رەمزی

*چۆن هاتییە نێو وەرزش؟
-سەرەتا كە هاتمە نێو وەرزش یاری جومناستیك-م هەڵبژارد توانیم لەم یارییە نوێنەرایەتیی چەند یانەیەك بكەم و لە پاڵەوانێتییەكانی كوردستان و ناوەندە وەرزشییەكان ئەنجامی بەرچاو بەدەستبهێنم، بەڵام وەكو پێویست لە كوردستان بایەخ بەم یارییە نادرێت بۆیە ئەگەر سەیر بكەین، دەبینین لە كوردستان لە یاریی جومناستیك یاریزانی كچ بە كەمی بەرچاو دەكەوێت.
*بۆچی رووت لە یاری گۆڕەپان و مەیدان كرد؟
- یاریی جومناستیك-م زۆر خۆش دەوێ، بەڵام وەكو باسم كرد كەمی بایەخدان بەم یارییە، هەروەها ئەم یارییە زۆر زەحمەتە پێویستی بە مەشقێكی زۆر هەیە، بۆیە بڕیارم دا روو لە یاریی گۆرەپان و مەیدان بكەم.
*كێ یاریی گۆڕەپان و مەیدانی بۆ دەست نیشانكردی؟
- راهێنەری یانەی هەولێر مامۆستا رێبوار محیەدین زۆر هانی دام، كە یاریی گۆڕەپان و مەیدان ئەنجام بدەم، منیش ئەم یارییەم دەستنیشانكرد و پەیوەندییم بە یانەی هەولێر كرد.
* گرنكترین دەستكەوتەكانت لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان چییە؟
-لە ساڵی 2013 بوومە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان و یاریی بازی بەرز-م هەڵبژارد، لە یەكەم پاڵەوانێتی، كە بەشداریم كرد پاڵەوانێتی پەروەردەكان بوو، توانیم پلەی دووەم بە دەستبهێنم، بەڵام گرنگترین دەستكەوتم لە یەكەمین بەشداری كردنم لە پاڵەوانێتیی كوردستان لەسەر ئاستی پێشكەوتووان توانیم پلەی یەكەم لە یاری بازی بەرز بەدەستبهێنم و ژمارەی پێوانەیی كوردستان بشكێنم (1.51)م ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ من.
* هەستت بە چی كرد، كاتێك توانیت ئەم ژمارەیە تۆمار بكەیت؟
- هەستم بەخۆشییەكی زۆر كرد، چونكە لە رووی تەمەن زۆر بچووك بووم، كە بەشداریم كرد توانیم لە چەند یاریزانێكی بەتوانا ببمەوە، كە هەندێكیان یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بوون و ئەزموونێكی زۆریان لەم بوارە هەیە، هەوڵ دەدەم لە مەشقەكانم بەردەوام بم بۆ ئەوەی بتوانم ئەنجامی باشتر بە دەستبهێنم.
*تا چەند خانەوادەكەت یارمەتیت دەدەن؟
- خانەوادەكەم پشتگیریەكی تەواوم دەكەن هەردەم پاڵپشتم بووینە و هانم دەدەن لە هەمان كاتدا یارمەتیدەرم بووینە بۆ ئەوەی بتوانم خوێندنەكەم تەواو بكەم و هەروەها لە وەرزشیش بەردەوام بم.
* كێشە و گرفتان چییە؟
- كێشەی سەرەكیی وەرزشی كوردستان بەگشتی نەبوونی یاریگای تایبەتمەند بۆ مەشقكردن یاخود بۆ پاڵەوانێتییەكان، رەنگە یاریگا هەبێت، بەڵام ئەگەر مەبەستمان پێشكەوتنی وەرزش بێت دەبێت یاریگای زیاتر درووستبكرێت بۆ ئەوەی ببێتە هاندەر بۆ زیادبوونی ژمارەی كچە وەرزشوانەكان.
* تا چەند بایەخ بە وەرزشی ئافرەتان دەدرێت؟
- ئەوەی راستی بێت بایەخدانەكە بوویتە دوو بەش، هەندێك یانە بایەخێكی زۆر بە وەرزشی ئافرەتان دەدەن و بەهیچ شێوەیەك درێغی ناكەن، بۆ نموونە یانەی هەولێر، كە هەموو پێداویستی یاریزانەكان دابین دەكات، بەڵام بەداخەوە هەندێكی تر لە یانەكان بەهیچ شێوەیەك بایەخ بە وەرزشی ئافرەتان نادەن، مەبەستیان تەنیا وەرگرتنی مینحەی مانگایە.
* چی بكرێت بۆ پێشكەوتنی وەرزشی ئافرەتان؟
- دەبێت چەند قوتابخانەیەكی تایبەتمەندی وەرزش بۆ ئافرەتان دروستبكرێت لە گشت یارییەكان و راهێنەری بەتوانای بۆ دابین بكرێت بۆ ئەوەی یاریزان لە تەمەنی بچووك بەشێوەیەكی زانستی مەشق بكات و ئاستی بەرزبێتەوە، هەروەها درووستكردنی یاریگا، بەڕاستی كەمی یاریگا و هۆڵ گرفتێكی گەورەیە، بەتایبەتی لە هەولێری پایتەخت.
* هیوا ئاواتت چییە؟
- وەكو كچە یاریزانێك حەز دەكەم بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی جیهان و ئۆڵۆمپیاد بكەم لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان ئەمەش پێویستی بە هاوكاری و پاڵپشتی هەموو لایەك هەیە، من بروام بەخۆم هەیە، كە بتوانم ئەم كارە ئەنجام بدەم، بەڵام پێویستی بە پاڵپشتی و هاوكاریی هەموو لایەك هەیە.
*دوا وتەت چییە؟
- هیوادارم خانەوادەكان هاوكاریی كچەكانیان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بێنە نێو وەرزش، چونكە كچە وەرزشوانانی بەتوانامان هەیە، بەڵام كەس پاڵپشتیان ناكات یاخود كەس نایاندۆزێتەوە، بەهیوای ئەوەم وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان زیاتر بایەخ بە وەرزشی ئافرەتان بدەن.
Top