جامی رۆجەرز .. نادال و سیرینا جامەكەیان بەرزكردەوە

جامی رۆجەرز .. نادال و سیرینا جامەكەیان بەرزكردەوە
لە هەردوو شاری مۆنتریال و تۆرەنتۆی كەنەدی یارییەكانی پاڵەوانییەتی جامی رۆجەرز لەیاریی تێنسی سەر زەوی لەسەر ئاستی پیاوان و ئافرەتان كۆتایی هات، ئەم پاڵەوانێتییە یەكێكە لە پاڵەوانەتییەكانی ماستەرز كە براوەكەی 1000 خاڵ لەریزبەندی یاریزانانی جیهان وەردەگرێت،لەپاڵەوانییەتی 2013دا هەردوو یاریزانی ئیسپانی رافائیل نادال لەسەر ئاستی پیاوان و كچە یاریزانی ئەمریكی سیرینا ویلیامز لەسەر ئاستی ئافرەتان جامەكەیان بەرزكردەوە، لەشاری مۆنتریال و لە یاریی كۆتایی پیاواندا یاریزانی ئیسپانی رافائیل نادال رووبەڕووی یاریزانی كەنەدی میلۆس راونیچ بۆوە، نادال ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و لەماوەی 60 خولەكدا بەئەنجامی دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە راونیچی بردەوەو نازناوەكەی مسۆگەركرد، ئەنجامی كۆمەڵەكان (6*2، 6*2) بوو، ئەوە نازناوی ژمارە 25 بۆ نادال لە خولەكانی ماستەرز كە ژمارەیەكی پێوانەییە، نادال لەگەڵ جامەكە زیتر لە 547 هەزار دۆلاری وەرگرت، بەم سەركەوتنەش نادال پلەی سێیەمی ریزبەندی باشترین یاریزانانی جیهانی وەرگرتەوە. لەشاری تۆرنتۆ و لەیاریی كۆتایی ئافرەتاندا كچە یاریزانی ئەمریكی سیرینا ولیامز بەرامبەر كچە یاریزانی رۆمانی سورانا كریستیا یاری كرد وزۆر بە ئاسانی سەركەوتنی تۆماركرد، سیرینا ئاستێكی هونەری جوانی پێشكەش كرد و بەئەنجامی دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە كریستای بردەوەو نازناوەكەی مسۆگەركرد، ئەنجامی كۆمەڵەكان (6*2، 6*0) بوو، یارییەكەش كەمتر لەیەك كاتژمێری خایاند، ئەوە نازناوی ژمارە 54 بۆ سیرینا لە ژیانی وەرزشیدا وهەشتەمین نازناوە لە ساڵی 2013دا، سیرینا خەڵاتی یەكەمی وەرگرت كە زیاتر لە 425 هەزار دۆلار بوو، بەم سەركەوتنەش سیرینا شوێنی خۆی لە پلەی یەكەمی ریزبەندی باشترین كچە یاریزانانی جیهان قایمتركرد.
Top