نور حەسەن: لەم یاریەدا جەماوەری ئێمە كەم ئـامــادەی یاریگاكان دەبن

نور حەسەن: لەم یاریەدا جەماوەری ئێمە كەم ئـامــادەی یاریگاكان دەبن
شاری سلێمانی لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان زۆربەی یاریزانانی ئەو شارەش كۆنتڕۆڵی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقیان كردووە لەم یارییە یەكێك لە یاریزانانی ئەم شارەش یاریزان نور حەسەن محەمەدە یاریزانی ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1993ی شاری بەسرەی باشووری عێراقە و ماوەیەكی زۆرە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، ماوەی چەند وەرزێكە لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ یارییەكانی گۆڕەپان ومەیدان ئەنجام دەدات، لە هەمان كاتیشدا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقەو خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەكەی ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد.
دیمانە: كارزان كانەبی

*بۆچی یاریی گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- من هەر لە منداڵییەوە خولیای زۆرم بۆوەرزش هەبوو، بەهیوای ئەوە بووم كە رۆژێك لە رۆژان منیش وەكو یاریزانانی تری جیهان ببمە یاریزانێكی بەتواناو هیوام گەیشتن بوو بە هەڵبژاردەی عێراق ئارەزووەكەشم هاتە دی.
*لەم بارودۆخەی ئێستا ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی؟
-ئاستی ئەم یارییە لە ئێستادا لە چاو یارییەكانی تر تا رادەیەك باشە، چونكە تا ئێستا كێشەو گرفت هەیە لەم یارییەدا بەڵام ئێستاش لە جاران باشترە.
*بۆئەوەی بمانەوێ ئاستی ئەم یارییە بەرەو پێش ببەین چی بكرێت باشە؟
- پێش هەموو شتێك یاریگای نوێ بكرێتەوە بۆئەوەی زیاتر یاریزانان ڕوولەم یارییە بكەن، قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانی تەمەن بچووك بكرێتەوە و گرنگی زیاتر بە ئافرەتانیش بدرێت بەمشێوەیە ئاستی یارییەكە رۆژ بە رۆژ پێشدەكەوێت.
* ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتییە بۆماوەیەكی كورت كە لە دوورۆژ تێ ناپەڕێت تاچەند دەبێتە هۆی پێشكەوتنی ئەم یارییە؟
-نەبوونی یاریگا دیسان دووبارەی دەكەمەوە كەئەوە دەبێتە هۆكار كە پاڵەوانێتییەكان ماوەی كەم بخایەنێت و یانەكانیش زۆربەیان یاریگایان نییە.
* وەكو كچە وەرزشكارێك لە وەرزش كردن هیواو ئاواتت چییە ؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم و رۆژ بە رۆژ ئاستی خۆم بەرز كەمەوە بگەمە لوتكەی یاریزانانی جیهانی بەشداری پاڵەوانێتییەكی گەورە بكەم.
* زۆر جار لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان هاندەران ئامادە نابن هۆكاری چییە؟
- ئەوە كێشەی منیشە تاكو ئێستا نازانم بۆچی هاندەران نایەنە نێو یاریگاكان لە كاتێكدا یارییەكی تۆپی پێ ئەنجام دەدرێت، زۆربەی خەڵك روو لە یاریگاكان دەكەن، ئەوەش كاریگەریی خۆی دەبێت.
* لە یاریی گۆڕەپان و مەیداندا بەچ یاریزانێكی جیهانی سەرسامی ؟
- یاریزانی بەناوبانگ ماریای بەلجیكی.
* زۆرجار گوێ بیستی ئەوە دەبین كەوا لەلایەن خانەوادەكان رێگری لە منداڵەكانیان دەكرێ لە وەرزش كردن ئایا هیچ كات رێگری لەتۆ كراوە؟
- نەخێر بە سوپاسەوە دایك و باوكم بەردەوام بوون لە خزمەت كردنم ئەوان رۆڵی خۆیان گێڕاوە لە دروست بوونی من و گەیشتنم بە ئاواتی خۆم.
* یانەی سیروانی نوێ هاوكاریی باشتان دەكات؟
- بەسوپاسەوە خزمەتی باشی ئێمە دەكەن، ئێمەش دەتوانین بە بەدەست هێنانی ئەنجامی باش وەڵامیان بدەینەوە.
* پێشنیارت چییە بۆئەو كچانەی وەرزش ناكەن؟
- بەهیوای ئەوەم ئەوانیش روو لە وەرزش بكەن، بۆئەوەی خۆیان لە نەخۆشی بەدووربگرن، وەرزش هۆكاریكی باشە بۆبوونی جەستەیەكی تەندروست.
Top