یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بایرەن میونیخی ئەڵمانی باستیان شڤانیشتایگەر و راهێنەر پێشووی یانەی بایرەن میونیخ خەڵاتی باشترین یاریزان و باشترین راهێنەر لەخولی ئەڵمانیا بۆ وەرزی 2012-2013 بەدەست هێنا بە پێی راپرسێك كە گۆڤاری كیكەری ئەڵمانی بەناوبانگ ئەنجامی دا و 527 رۆژنامەنووسی وەرزشی بەشداری تێدا كردبوو . لە راپرسەكەدا شڤانشتایگەر 92 دەنگی بەدەست هێنا و بەپلەی یەكەم هات، یاریزانی فەرەنسی فرانك ریبێری لەیانەی بایرەن میونیخ بە پلەی دووەم هات و 87 دەنگی بەدەست هێنا، هێرشبەری ئەڵمانی تۆماس مۆلەر كە ئەویش هەر لەیانەی بایرەن یاری دەكات لە پلەی سێیەم هات بە كۆكردنەوەی 85 دەنگ، شڤانیشتایگەر كە لە رۆژی 9/8/2013 ئەم خەڵاتە وەردەگرێت دووپاتیكردەوە خەڵاتەكە تەنها بۆ ئەو نییە بەڵكو بۆ سەرجەم یاریزانانی یانەی بایرەنە كەبەیەكەوە توانیمان سێ نازناوە مێژووییەكە بەدەست بهێنن. لەسەر ئاستی راهێنەران، راهێنەری پێشووی یانەی بایرەن میونیخ یۆب هاینكس بە شایستەیی خەڵاتی باشترین راهێنەری وەرگرت دوای ئەوەی 383 دەنگی كۆكردەوە بەجیاوازییەكی زۆرەوە لەگەڵ راهێنەری یانەی فرایبۆرگ كریستیان ستریتچ كەبەپلەی دووەم هات بە كۆكردنەوەی 77 دەنگ دواتر راهێنەری یانەی بروسیا دۆرتمۆند یۆرگن كلۆب بەپلەی سێیەم هات .