یانەی پاریس سانجێرمان پاڵەوانی خولی فەرەنسا دەستی بەچارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی كرد دوای ئەوەی زۆر چالاك بوو لەبازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەهێنانی هەریەك لە یاریزانان ئەدینسۆن كاڤانی و لۆكاس دین و ماركینیۆس، بۆیە یانەی ناوبراو بڕیاری داوە مووچەی چەند یاریزانێكی سەرەكی بەرزبكاتەوە و بۆندەكانیان درێژ بكاتەوە، رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی رایگەیاند یانە دەوڵەمەندەكەی شاری پاریس بڕیاری داوە بۆندی كاپتنی یانە تیاگۆ سیلڤای بەرازیلی تاساڵ 2018 درێژ بكاتەوە و مووچەكەی لە 10 ملیۆن یۆرۆوە بۆ 12 ملیۆن یۆرۆ بەرزبكاتەوە، بەم هەنگاوە یانەی (PSG) هەموو دەرگاكانی لەبەرامبەر یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی داخست كەچاوی لەسەر ئەم یاریزانە دانابوو، مووچەكەی یاریزان تیاگۆ سیلڤا باجی لەسەر نییە.
لەلایەكی دیكەوە دەستەی كارگێڕیی یانەی (PSG) بەنیازە هەمان هەنگاو لەبەرامبەر ئەستێرەی سویدی زلاتان ئیبراهیمۆڤیج پەیڕەو بكات بەمەبەستی مسۆگەركردنی مانەوەی لەیانەكەی شاری پاریس، رۆژنامەكە دووپاتیكردەوە لەسەر داوای راهێنەر لۆران بلان بۆندی یاریزان زلاتان درێژ دەكرێتەوە و مووچەكەی لە 14 ملیۆن یۆرۆ بۆ 15 یان 16 ملیۆن یۆرۆ بەرزدەكرێتەوە، راپۆرتە هەواڵەكان پێشتر ئاماژەیان بەوە دابوو كە یانەی ریال مەدرید و راهێنەر ئەنشلۆتی هەوڵ دەدەن بۆند لەگەڵ زلاتان مۆربكەن بۆیە یانەی پاریس سانجێرمان هەوڵ دەدات ئەم دەرگایەش بەرامبەر یانەی شاهانە دابخات.