دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو یانەی هەڵۆی دەڤەری بارزان بە زەحمەت توانی خۆی بهێڵێتەوە لە یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان شان بە شانی چەندین یانەی شارەكانی كوردستان، بەهۆی هاوكاریی نەكردنیشی لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حكومی، دەستەی كارگێڕیی یانەكە بڕیاری كشانەوەیان لە خولی نایابی كوردستان كردبوو هەڕەشەی فرۆشتنی مۆڵەتی یانەكەیان دەكرد بە یانەیەكی تر، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕیی یانەكە، ئەمجارە یانەی هەڵۆ لە بڕیاری كشانەوەی لە خولی نایابی كوردستان پاشگەز بۆتەوە ئەحمەد خەلیل سەرۆكی یانەكەش لەبارەی هۆكارەكانی بەشداری كردنیان لە خولی كوردستان بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە هەر چەندە بڕیاری ئەوەمان دابوو كە پاشە كشە بكەین لە یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، بەڵام چەند بەرپرسێك بەڵێنی هاوكاری كردنی یانەكەیان پێداوین، ئێمەش بڕیاری ئەوەمان داوە كە بەشداربین لە یارییەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان، لە ئێستادا گرێبەستی زۆربەی یاریزانانی یانەكەمان نوێ كردۆتەوە بۆئەوەی ساڵی داهاتووش لە ریزی یانەی هەڵۆ یاری بكەین، بڕیاری ئەوەشمانداوە 7بۆ 8 یاریزانی تر بهێنین، گوتیشی مەحمودمەجید ڕاهێنەری یانەكەمان بەردەوام دەبێت لەگەڵ یانەی هەڵۆ بۆئەوەی سەرپەرشتیی یانەكەمان بكات لە یارییەكانی خولی نایابی كوردستان، ئێمە لە ئێستادا خاوەنی 15یاریزانین و پێویستمان بە نۆ یاریزانی تر هەیە، بۆیە بڕیاری ئەوەمانداوە ئەمساڵ جیاواز بین لە ساڵی تر و ئەم نۆ یاریزانە هەمووی لە دەڤەری بارزان كۆبكەینەوە پشت بە یاریزانانی خۆمان دەبەستین لە بری یاریزانی تر، پێویستیشمان بە بڕی 150 ملیۆن دینارە بۆئەوەی یانەكەمان بەردەوام بێت، ئەمساڵیش پشت بە هیچ یاریزانێكی پیشەگەری دەرەوە نابەستین و تەنیا گرنگی بە یاریزانانی خۆمان دەدەین بۆئەوەی سوود لە بەهرەی یاریزانەكانمان وەربگرین.