ئەكرەم سەڵمان بە 25هەزار دۆلار بووە راهێنەری هەولێر
دوای ئەوەی یانەی هەولێر لە دوو یاری لەسەر یەك لەبەرامبەر هەریەك لە یانەكانی دهۆك و بەغداد دووچاری شكست هات و هاندەرانی یانەكەش داوای ئەنجامی باش لە یانەكەیان دەكەن، دەستەی كارگێری یانەی هەولێر پەیوەندی بە چەند راهێنەرێك كرد،بۆئەوەی مەشقی یانەی هەولێر لە ئەستۆ بگرێت لە یارییەكانی داهاتووی یانەكە لە خولی بژاردەی یانەكانی عێراقی، سەرەتا یانەی هەولێر هەوڵی زۆری دا بۆئەوەی حەكیم شاكری راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بكاتە راهێنەری یانەكەی بەڵام بەهۆی كاری تایبەتەوە حەكیم نەیتوانی ببێتە راهیًَنەری یانەی هەولێرو دواجاریش یانەی هەولێر دوای پەیوەندی كردنی بە راهێنەری پێشووی یانەكە ئەكرەم سەڵمان ئەویش دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر كۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی كارگێڕی یانەكە رازی بوو بە وەرگرتنی مەشقی یانەی هەولێر لەم چەند یارییەی ماوە، لە بارەی مۆركردنی گرێبەستەكەشی بێجان ئیبراهیم ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر گوتی: ئێمە بۆئەوەی بتوانین لەم وەرزە ئەنجامێكی باشتر بەدەست بهێنین لەم چەند یارییەی ماومانە گفت و گۆمان لەگەڵ ئەكرەم سەڵمان كرد كە پێشووتریش لەگەڵ ئێمە كاری كردوە و ئەنجامی باشی بەدەست
هێناوە، هەر چەندە كاپتن عومەر مەجید كەمتەرخەمی نەكردوە لە كارەكەی بگرە و ئەنجامی باش بوو بەڵام لەم دوو یارییەی رابردوو یانەكەمان دووچاری شكست هات، لەبارەی بڕی گرێبەستەكەی راهێنەری ناوبراو گوتی: بڕی 25هەزار دۆلارە و هیچ مووچەیەكی نیە تا كۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵ دەبێت، بۆوەرزی داهاتووش تا ئێستا هیچ گفت و گۆیەكمان لەگەڵی نەكردوە بزانین ئەنجامەكانمان چۆن دەبێت لە دوای كۆتایی هاتین وەرزی ئەمساڵی خولی بژاردەی ئەوكات بە رێكەوتنی هەردوولامان قسەیەكی لێ دەكەین بەڵام لە ئێستادا هیچ باسی ساڵی داهاتوو نەكراوەتەوە ئێمە ئێستا تەنیا بیر لەو چەند یارییەكەی دەكەینەوە كە ماومانە لە خولەكە وبە ووردی چاودێری یارییەكانی خۆمان دەكەین بۆئەوەی بتوانین هیچ خالێك لەدەست نەدەین، جێگای ئاماژە پێكردنە یانەی هەولێر لەسەر دەستی ئەكرەم ئەحمەد سەڵمان لە ساڵی 2006 بووە خاوەنی یەكەم نازناوی خولی بژاردەی عێراقی، بەڵام ماوەی چەند سالێكە ناوبراو رووی لە وڵاتی ئوردەن كردوە لەگەڵ چەندین یانەی ئەو ولاتە كاری كردوە.
