مۆرینهۆ بۆ مۆیس: كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبیری خۆت ببەرەوە

مۆرینهۆ بۆ مۆیس: كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبیری خۆت ببەرەوە
راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی جۆزێ مۆرینهۆ راهێنەری ئێستای یانەی چێلسی ئینگلیزی ئاگادارییەكی بەهێزی ئاراستەی دێڤید مۆیس راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی كرد كە مەحاڵە جارێكی دیكە یاریزانی پورتوگالی كریستیانۆ رۆنالدۆ بگەڕێتەوە ریزی یانەی شەیتانە سوورەكان، یانەی مانچستەر یونایتد بەهیوای گەڕاندنەوەی یاریزان كریستیانۆ رۆنالدۆیە بەتایبەتی دوای ئەوەی ناوبراو خۆشەویستی خۆی بۆ یانەی مان یونایتد دووپاتكردەوە و رایگەیاندبوو بیری خولی ئینگلیزی دەكات، ئەگەر بێتو ئەم بۆندە سەربگرێت دەبێتە دەسكەوتێكی گەورە بۆ راهێنەر مۆیس و دەستەی كارگێڕیی یانەی شەیتانە سوورەكان، بەڵام راهێنەری یانەی چێلسی مۆرینهۆ ئەم ئەگەرە زۆر بەدوور دەزانێت، مۆرینهۆ لەمبارەیەوە گوتی: ئەوەی من بیزانم ریال مەدرید یانەیەكی دەوڵەمەندە و پێویستی بەپارە نییە بۆیە زۆر زەحمەتە ئەستێرەیەكی وەك كریستیانۆ بفرۆشێت ئەگەر پارەیەكی خەیاڵیشی بۆ تەرخان بكرێت . هەروەها سپێشەڵ وەن گوتی: من رۆنالدۆ لەنزیكەوە دەناسم و دەزانم مانچستەر یونایتدی خۆش دەوێت و سەرسامە بەكەش و هەوای خولی پریمەرلیگی ئینگلیزی، بەڵام وابزانم لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لەخولی ئیسپانیا بەردەوام دەبێت، ئەوە تەنها هەستی خۆمە چونكە من لەم بارەیەوە پەیوەندییم بە كریستیانۆوە نەكردووە.
جێگای ئاماژە پێكردنە راپۆرتە هەواڵەكانی ئیسپانیا دووپاتی دەكەنەوە كەیانەی ریال مەدرید بۆندەكەی كریستیانۆ رۆنالدۆ درێژ دەكاتەوە و دەیكاتە خاوەن گەورەترین مووچە لەمێژووی تۆپی پێی جیهانیدا.
Top