ڤان پێرسی برسی نازناوەكانە

ڤان پێرسی برسی نازناوەكانە
ئەستێرەی هۆڵەندی رۆبن ڤان پێرسی هێرشبەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بە تۆماركردنی 30 گۆڵ بۆ یانەی شەیتانە سوورەكان رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لەبەدەست هێنانی نازناوی 20 هەمینی پریمەر لیگ بۆ یانەكەی، هۆكاری سەرەكی هاتنی ڤان پێرسی لە یانەی ئەرسنالەوە بۆ یانەی مان یونایتد بەدەست هێنانی نازناوەكان بوو، ئێستاش پێش دەست پێكردنی وەرزی تازە جارێكی دیكە ڤان پێرسی رایگەیاند چاوی لە نازناوی دیكەیە، ڤان پێرسی لە لێدوانێكدا گوتی : چەند ساڵێكی دیكەم لە پێشە لەبۆندەكەم، هیوادارم نازناوی زیاتر لە خولی ئینگلتەرا بەدەست بهێنم .
ڤان پێرسی تەمەن 29 ساڵ لە درێژەی قسەكانیدا گوتی : لە وەرزی رابردوو من برسی نازناوەكان بووم بەڵام ئێستا من زیاتر هەست بە برسییەتی دەكەم بۆ نازناوەكان، ئێمە خاوەن كۆمەڵێك یاریزانی لێهاتووین كە دەتوانن نازناوی زیاتر بەدەست بهێنن و ئاستێكی باشتر پێشكەش بكەن، بەدەست هێنانی نازناوی خولی ئینگلتەرا لە وەرزی رابردوو یادەوەرییەكی یەكجار خۆش بوو .
دەربارەی راهێنەری تازەی یانەكەی دێڤید مۆیس، ڤان پێرسی گوتی : دێڤید مۆیس راهێنەرێكی لێهاتووە، كارەكانی زۆر بەباشی ئەنجام دەدات و خۆی ماندوو دەكات، من چەند جارێك لەگەڵی دانیشتووم، هیوادارم لە ئەركەكەی سەركەوتوو بێت .
Top