سوها عەلی:حەزدەكەم هەموو جۆرەیارییە وەرزشییەكان ئەنجام بدەم
*ئاستی یاریی گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی لە كوردستان؟
- ئەوەی ڕاستی بێت رۆژ بەرۆژ ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان پێشڤەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە گشت روویەكەوە، چەندین یاریزانی بەتوانا دروست بوون لەم یارییە لە شارەكانی كوردستان ئەوەش بەڵگەی گرنگیدانی زیاتر و پێشكەوتنی زیاتری یارییەكەیە لە شارەكانی كوردستان و لەلایەن یانەكانەوە بۆ ئەم یارییە.
* چی بكرێت باشە بۆئەوەی گرنگیی زیاتر بەم یارییە بدرێت و زیاتر پێش بكەوێت؟
- كردنەوەی زیاتری پاڵەوانێتییەكان بۆ یاریزانانی شارەكانی كوردستان بۆئەوەی یاریزانی زیاتر دروست بێت لەم یارییە، كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شارەكان بۆئەوەی ساڵ بەساڵ یاریزانی زیاتر دروست ببن، ئەگەر ئەم كارانە كرا بێ گومان ئاستی ئەم یارییە بەرز دەبێتەوە.
* چۆن بوو خولیات وا بۆدروست بووە لەگەڵ وەرزشكردن؟
- من هەر لەمنداڵییەوە خولیام هەبووە بۆوەرزش كردن بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ رووم لەم وەرزشە كرد و توانیم هەر بەهۆی حەزەكانمەوە خۆم لە كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی بدۆزمەوە.
* وەكو یاریزانێك لە ئێستا بەرنامەت چییە بۆوەرزشی خۆت؟
- خۆم ئامادە دەكەم بۆ پاڵەوانێتییەكانی عێراق، بۆئەوەی بتوانم خۆم لەریزی هەڵبژاردەی عێراق بدۆزمەوە.
* مامۆستای وەرزشی و دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشیت، بۆچی هەوڵت نەداوە تیپێكی كچانە دروست بكەیت لە شاری كەركوك؟
- هەوڵم داوە ئەو كارەشم كردووە و تیپی تۆپی بالە و تۆپی دەست وفوتساڵ و گۆڕەپان و مەیدانیشم دروست كردووە بۆئەوەی بتوانین خزمەتی شارەكەمان بكەین.
* بۆچی زۆر جار یانەكانت دەگۆڕی، هۆكاری چییە؟ ئایا كێشەت هەیە لەگەڵ یانەكان؟
- ئەوە تەنیا كێشەی من نییە، تەواوی یاریزانەكان زوو زووە یانەكانیان دەگۆڕن ئەوە شتێكی سروشتییە لە ژیانی یاریزانیدا.
* كێشەوگرفتان چییە لە یانەی خاك؟
- هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە، سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان دەكەین زۆر هاوكارمانن لە گشت چالاكییەكان و دابین كردنی پێداویستییەكان.
* زۆرجار گوێ بیستی ئەوە دەبین، یاریزانان لەلایەن خانەوادەكانیانەوە رێگریان لێ دەكرێت تائێستا ئەوە لە تۆ بەدی كراوە كە رێگریت لێ بكرێت لەلایەن خێزانەكەتانەوە؟
- نەخێر بگرە بە سوپاسەوە زۆریش هاوكاریم دەكەن، ئەوان پاڵپشت بووینە لە گەیاندنی من بەو ئاستە.
* هیواو ئاواتت چییە لە وەرزش كردن؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامێكی شایستە لە پاڵەوانێتییەكان بەدەست بهێنم وناوی خۆم بەرز كەمەوە لە وەرزش كردن.
* جگە لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان چەند وەرزشی تر ئەنجام دەدەیت؟
-تۆپی دەست و تۆپی بالە وتۆپی فوتساڵ.
* باشتر نییە یەك وەرزش هەڵبژێریت لە ئەنجامدانی ئەو هەموو وەرزشە زیاتریش ماندووت دەكات؟
- نەخێر من خۆم حەز دەكەم هەموو جۆرە وەرزشێك ئەنجام بدەم بۆئەوەی توانای خۆمی تێدا بدۆزمەوە.
