لەمەراسیمێكدا ستافی یانەی وەرزشی زێرەڤانی لەلایەن فەرماندەیی زێرەڤانیەوە خەڵات كران
بەبۆنەی بەدەستێهنانی جامی پاڵەوانیەتی مارسیلیا بۆ هەرێمەكان لە وڵاتی فەرەنسا لەلایەن یانەی وەرزشی زێرەڤانی بۆ تۆپی پێ كە بەنوێنەرایەتی هەڵبژاردەی كوردستان بەشداری لە پاڵەوانیەتیەكە كردبوو لەمەراسیمێكی شایستەدا لە بارەگای فەرماندەیی زێرەڤانی لەشاری هەولێر سەرپەرشتیار و سەرۆك و راهێنەر و ستافی كارگێری و یاریریزانانی یانەكە خەڵات كران.
سەرەتای مەرا سیمەكە بە ماڕشی كوردستانی و ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و دواتر (عەبدولخالق حەسەن) سەرۆكی یانەی وەرزشی زێرەڤانی وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژە بە دەستكەوتەكانی ئەمساڵی یانەی وەرزشی زێرەڤانیدا كە بریتین لە پاڵەوانی خولی نایاب و لاوانی كوردستان بۆ تۆپی پێ هەروەها خولی فوتساڵی یانەكانی كچان و دواجاریش پلەی یەكەمی پاڵەوانیەتی مارسیلیا بۆ هەرێمەكان لە وڵاتی فەرەنسا كە یانەی زێرەڤانی بونوێنەرایەتی هەڵبژاردەی كوردستان بەشداری لە پاڵەوانیەتیەكە كردبوو.
دواتر لیوا(عەزیز وەیسی) فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی وتەیەكی پێشكەش كرد و لەمیانەدا وێڕای دەستخۆشی لە ستافی یانەكە گوتیشی: مایەی سەربەزیە بۆ هەموو گەلی كورد كە یانەی كورد لە پاڵەوانیەتیەكی نێونەتەوەیی بەشداربێت و پلەی یەكەمیش بەدەست بهێنێت كە ئەمەش یەكێك لە خەونەكانی ئێمە كە بتوانین لەو رێگەیەوە ناوی كوردستان زیاتر لە دونیا بناسێنین و گوتیشی بەدەستهێنانی نازناوێكی لەوجۆرە ئەركی سەرشانی یاریزانان و ستافی یانەكە قورستر دەكات بە ئەوەی كە دەبێت بیر لە بەدەستهێنانی
نازناوی باشتر بكەنەوە و هەوڵی زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی تواناكانیان بدەن.
شیاوی ئاماژە بۆكردنە لە كۆتایی مەراسیمەكە لە لایەن فەرماندەو یاریدەدەر و ئەندامانی فەرماندەیی زێرەڤانیەوە خەڵاتەكان بەخشرانە سەرپەرشتیار و سەرۆك و راهێنەر و دەستەی كارگێری و یاریزانانی یانەكە.
