ئافرەتانی هەولێر بەرزكردنەوەی قورسایی لە شارەكە زیندوو دەكەنەوە
دڵنیا ئەبو بەكر قوتابی و یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی ئافرەتانی هەولێر لەم بارەیەوە بۆگۆڤاری گوڵان گوتی لە ئێستادا گرنگیی باش بەم یارییە دەدرێت لە شارەكانی كوردستان ئێمەش وەكو قوتابیان كە سەرجەم یاریزانەكانمان قوتابین لە قوتابخانەی چرای خێرا هەر لەوێشەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەكەمان كە كەسێكی وەرزشدۆستە ئێمەی كۆكردۆتەوە بۆئەوەی ئێمە درێژە بە حەزو ئارەزووەكانی خۆمان بدەین كە وەرزش كردنە، ئەگەر بمانەوێ گرنگی بە ئاست و تواناكانیشمان بدرێت دەبێت پێش هەموو شتێك شوێنمان بۆدابین بكرێ بە سوپاسەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر لە نێو قوتابخانەكەمان شوێنی بۆ دابین كردوین بۆئەوەی درێژە بە وەرزش كردن بدەین جگە لەوەش پاڵپشتی بێ وێنەی ئێمەیە لە وەرزش كردندا،دەبێت لەلایەن بەرپرسانەوە كارێك بكرێت بۆ دروست كردنی هۆڵێكی تایبەت بەم یارییە و پاڵەوانێتیی بەردەوام بكرێتەوە ئێمەش وەكو یاریزانانی ئافرەتانی هەولێر بەردەوام دەبین لە گرنگیدان بەتواناكانی خۆمان بۆئەوەی ململانێی یانەكانی تر بكەین و ئەنجامان زۆر باشە لە چاو یانەكانی دیكەی كوردستان هەرچەندە لەم یارییەش ئافرەت زۆركەمە.
شەیما فارس كچە یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی یانەكە لەم بارەیەوە گوتی» ئێمە لە یانەكەمان گرنگیی باشمان پێ دەدرێت هەر چەندە ئێمە هەموومان كە یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی دەكەین قوتابین و لە پاڵ خوێندنەكەمان وەرزشیش دەكەین بۆیە دەمانەوێ لە رێگای وەرزش كردنەوە بوونی خۆمان وەكو یاریزانی باش بناسێنین، بەڵام كێشەی ئێمە ئەوەیە كە هۆڵێكی تایبەت بە خۆمان نییە و بەڕێوەبەری گشتیی بە سوپاسەوە رێگەمان دەدات لە نێو قوتابخانەكەمان مەشق و ڕاهێنانەكانی خۆمان ئەنجام بدەین، لەئێستاشدا ئاستی یانەكەمان باشە بۆیە پێویستیمان بە گرنگیدانی زیاترە لەم یارییە، لەسەر لایەنی بەرپرسیش پێویستە گرنگی زیاتر بە كردنەوەی پاڵەوانێتی بەرزكردنەوەی قورسایی كچان بدەن بۆئەوەی كچە یاریزانانی دیكە لە شارەكان زیاتر ڕوو لەم وەرزشە بكەن ئێمە بە ئامانج و هیوای زۆرەوە ئەم وەرزشە دەكەین و ئۆمێدی باشمان لە پێشە بۆخزمەت كردنی ئەم یارییە و دووپات كردنەوەی خۆمان لەوەرزش وزیندوو كردنەوەی ئەم یارییە لە شاری هەولێر.
زەینەب وەلی یاریزانی ئافرەتانی هەولێربۆگۆڤاری گوڵان گوتی» ئەویە من دەیبینم وەكو یاریزانێك ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە لە چاو هەندێك لە یارییەكانی تر، بەڵام ئەگەر بمانەوێ گرنگی بە ئاستی ئەم یارییە بدرێت دەبێت پێش هەموو شتێك گرنگیی زیاتر بە كردنەوەی پاڵەوانێـتی دابین كردنی هۆڵی پێویست بدرێت بۆ یاریزانانی یانەكان ئێمە وەكو كچانی ئافرەتانی هەولێر هیچ هۆڵێكمان نییە بۆمەشق و ڕاهێنانەكانمان تەنیا ئەوە نەبێت كە بەرێوەبەری گشتی شوێنی بۆئێمە دابین كردوە پاڵپشتی تیپەكەمان وەكو ئەوەی كەئێمە قوتابین وحەز بە وەرزش دەكەین، داواكارین لە بەرپرسانی وەرزش هۆڵێكی تایبەت بەم یارییە بۆكچان دابین بكەن.
ئایە ساماڵ كچە یاریزانی ئافرەتانی هەولێرگوتی» ئەگەر بمانەوێ زیاتر لە ئێستادا گرنگی بەم یارییە بدەین دەبێ پێش هەموو شتێك بیر لە دابین كردنی یاریگا بكەینەوە چونكە تا ئێستا هۆڵێكی تایبەت بەخۆمان نییە ئێمەش لەگەڵ ستافی یاریزانان تەنیا لە قوتابخانە مەشقەكانمان ئەنجام دەدەین بە سوپاسەوە مامۆستاكانمان هاوكارمانن، هیوامان ئەوەیە زیاتر پاڵەوانێتی بكرێتەوە و گرنگیی زیاتریش بە تیپی كچان بدەن لە كوردستان.
ڕازاو كەریم دەستەی كارگێڕی لە یانەی ئافرەتانی هەولێرلە بارەی دروست كردنی بیرۆكەی ئەم تیپە روونی كردەوە كە ئێمە لەسەرەتادا لە قوتابخانەكان هیچ چالاكییەكەمان نەبوو بۆیە بیرمان لەوە كردەوە كۆمەڵێك قوتابی بهێنین بۆئەوەی بتوانین چالاكیمان هەبێت و خستمانە بواری وەرزشەوە لە خوێندنی خێرا و 12یاریزانمان كۆكردەوە ئەو تیپەی بەرزكردنەوەی قورسایمان درووست كرد، دواتریش هەماهەنگیمان كرد لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێر ئەوان بە سوپاسەوە ڕاهێنەرێكیان بۆمان دابین كرد و لە قوتابخانەكەی خۆمان بەردەوام مەشقمان دەكرد، هەر چەندە لە قوتابخانەكەی خۆمان هیچ هۆڵێكمان نیە بۆیە ئەنجامەكانیشمان لە چاو ئەو بێ هۆڵیە زۆر باشیشە لە سەر ئاستی كوردستان و هەولێر، ئافرەتانیش كەم دێنە ئەم یارییە بەهۆی رێگە نەدانی خیزانەكانیان، لە رووی كۆكردنەوەی یاریزانەكانیش زۆر كات كێشەم بۆدروست دەبێت، ئێمە نۆ یاریزانمان زۆر بەتوانا بوون گەیشتنە لوتكە ئیدی خێزانەكانیان رێگەیان پێ نەدان بۆبەردەوام بوون لەوەرزش بۆیە بە ناچاری پەنامان بردە بەر چەند یاریزانێكی تر، سەرۆكی یانەی ئافرەتانی هەولێر وەكو پێویست هاوكارێكی باشە بەردەوام لەسەرخەتە لەگەڵمان، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی مامۆستا بەكر كەریم بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بكەین كەزۆر هاوكارمانە لە دابین كردنی قوتابخانەو پێدانی هاوكاری مادیش بۆیاریزانان بەهیوای ئەوەین نموونەی ئەو كەسانە زۆر بێت بۆخزمەت كردنی بواری وەرزشی لە نێو قوتابخانەكاندا، بەرنامەمان هەیە بۆزیاتر گرنگی دان بە ئاستی تیپەكانمان و بەرەوپێش بردنی توانای یاریزانان هەندێك ئافرەت لە ماڵەكانەوە بهێنین بۆئەوەی خزمەتی وەرزش بكەن هەر لە نێو گۆشەی ماڵەوە نەبن و بێن بە وەرزش كردنەوە خزمەت بكەن خوێندنی خێرا لە هەولێر وەرزشی نوێی كردۆتەوە ئێمەش بەردەوام دەبین لە دروست كردنی تیپی جۆراوجۆری وەرزشی بۆخزمەت كردنی یاریزانان،یاریزانانی ئێمە هیچ مووچەیەكیان نییە تەنیا پاڵەوانێـتی بۆپاڵەوانێـتی تەنیا ئەگەر خواردنیان بۆدابین بكەین یان سەرۆكی یانەكە پشتگیریمان دەكات، داواكارین لە وەزیری پەروەردە پشتگیری لەم قوتابیانەی قوتابخانەكانی خوێندنی خێرا بكات، بەڕێوەبەری گشتی هیچ درێغی نەبووە، زۆریش سوودمەند دەبین لە دروست كردنی ئەو هۆڵەی كە بەڕێوەبەری گشتی بۆقوتابیانی قوتابخانەكانی سنوری پارێزگاری هەولێر دروستی دەكات، بۆبەڕێوەچوونی چالاكییە وەرزشییەكان.
