یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی فیفا دووپاتیكردەوە هیچ پلانێك نییە بۆ گواستنەوەی یارییەكانی مۆندیالی 2014 لەوڵاتی بەرازیل بۆ وڵاتێكی دیكە بەهۆی گرژیی باری سیاسی و خۆپیشاندانەكانی ئەم وڵاتە، جیرۆم فالكە ئەمینداری گشتیی فیفا رایگەیاند تا ئێستا هیچ وڵاتێك ئامادەیی خۆی نیشان نەداوە لەجیاتی بەرازیل میوانداریی مۆندیالی 2014 بكات، فالكە گوتی: من بەدڵنیایەوە دەڵێم یاریی كۆتایی مۆندیالی 2014 لەیاریگای ماراكانا ئەنجام دەدرێت و هیچ پلانێك نییە بۆ گواستنەوەی یارییەكانی مۆندیالی 2014 بۆ وڵاتێكی دیكە.
هەروەها فالكە ئەوەشی راگەیاند وڵاتی بەرازیل كارێكی گەورەی ئەنجام داوە لەیاریگاكانی جامی كیشوەرەكان و پێویستە ئەم كارانەش لەیاریگاكانی مۆندیال ئەنجام بدرێت.
لەلایەكی دیكەوە ئەلدۆ ریبیلۆ وەزیری وەرزشی بەرازیل وتی پێویستە بەرازیل لەكارەكانی خۆی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە میوانداری مۆندیال بكەین.