ژوین سیروان یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر ئاستی یارییەكە لە كوردستان روو لە پێشكەوتن دەكات

ژوین سیروان یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر     ئاستی یارییەكە لە كوردستان روو لە پێشكەوتن دەكات
یاری گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان لەسەر ئاستی كچان تا رادەیەك پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینەوە و چەند یاریزانێكی بەتوانا لەسەر ئاستی شاری هەولێر دەركەوتووە و چاوەڕوانی دوا رۆژێكی گەشیان لێدەكرێت بە تایبەتی لە یانەی هەولێر، كە كۆمەڵە یاریزانێكی كچ-ی ئاست بەرز دەركەوتووە یەكێك لەم یاریزانانە ژوین سیروان-ە، كە داهاتوویەكی باش چاوەڕوانی دەكات و بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە ئەم دیمانەی لەگەڵ ئەنجام بدەین.
*سەرەتا خۆتمان پێ بناسێنە؟
ژوین سیروان قادر لە دایكبووی ساڵی 1999 یاریزانی یانەی هەولێر و قوتابی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی.
* چ یارییەك ئەنجام دەدەیت؟
-یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر-م و تایبەتمەندم لە راكردنی 100م و 200م.
* چۆن هاتیە نێو یاری گۆڕەپان و مەیدان؟
-هاتنم بۆ ئەم یارییە تا رادەیەك چاوەڕوانەكراو بوو و بیریشم لێنەكردبۆوە، بەڵام رۆژێك راهێنەری یانەكەمان مامۆستا رێبوار هاتە قوتابخانەكەمان و چەند كچە یاریزانێكی تاقیكردەوە و منیش یەكێك بووم لەم كچە یاریزانانە كە دەستنیشان كرام.
*هەستت بە چی كرد، كاتێك لە تاقیكردنەوە دەرچوویت؟
-هەستم بەخۆشیەكی زۆر كرد، كە یانەیەكی گەورەی وەكو یانەی هەولێر من دەستنیشان بكات بۆ ئەوەی لە ریزی یانەكە یاری بكەم، چونكە ئەمە خەونی هەموو یاریزانێكە لە گشت یارییەكان.
* تا چەند هاوكاری دەكرێیت لە لایەن خانەوادەكەت؟
-دەستخۆشی لە دایك و باوكم دەكەم، كە هاندەری سەرەكی منن و پاڵپشتیم دەكەم لە بەردەوام بوونم لە نێو بواری وەرزش و هەردەم بایەخم پێ دەدەن و هانم دەدەن ئەمەش گرنگە بۆ من، چونكە ئەگەر ماڵەوە بایەخ بە یاریزانی كچ بدەن ئەوە دەبێتە هۆكاری درووستبوونی پاڵەوان.
* چۆن دەڕواینتە ئاستی وەرزش-ی ئافرەتان لە كوردستان؟
- رۆژ بە رۆژ وەرزش-ی ئافرەتان لە كوردستان پێش دەكەوێت و كچ زیاتر روو لە وەرزش دەكات ئەمەش بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو جیاوازییەكی زۆری هەیە، چ لە رووی ئەنجام یاخود ژمارەی یاریزانانی كچ، بەڵام هەندێك گرفت هەیە دەبێت چارەسەر بكرێت.
*گرفتەكان چییە؟
- هەندێك گرفت هەیە ئەگەر چارەسەر بكرێت ئەوە ئاستی وەرزش-ی ئافرەتان روو لە پێشكەوتنێكی گەورە دەكات ئەویش دابینكردنی هۆڵی داخراوی وەرزشی و هەروەها دروستكردنی چەند یاریگایەكی تایبەت بە یاری گۆڕەپان و مەیدان و یارییەكانی تر و هەروەها پاڵپشتی كردنی وەرزشی ئافرەتان چ لە رووی پارە یاخود دابینكردنی كەلوپەلی وەرزشی.
* تا چەند یانەكان پاڵپشتی وەرزش-ی ئافرەتان دەكەن؟
- ئەوەی راستی بێت هەندێك یانە پاڵپشتیەكی زۆر لە وەرزش-ی ئافرەتان دەكات و هەموو شتێكی بۆ دابین دەكات، بۆ نموونە یانەی هەولێر هەردەم پاڵپشتی ئێمە بووە و گشت پێداویستیەكانی بۆ دابین كردووین و هەروەها سەرۆكی یانەكە د.عەبدوڵڵا مەجید هەردەم پشتگیری ئێمە بووە و لە دوای هەر پاڵەوانێتیەك هاوكاری كردووین، بەڵام هەندێك یانەش هەیە، كە تیپی كچان-ی تەنیا بۆ وەرگرتنی مینحە داناوە بۆ ئەوەی سوودمەند بێت.
* چ بكرێت بۆ ئەوەی وەرزشی ئافرەتان زیاتر پێش بكەوێت؟
- دەبێت لایەنە پێوەندارەكان خولی زیاتر لەسەر ئاستی ئافرەتان بكەنەوە و هەروەها خولی فێربوونی راهێنەرایەتی بۆ راهێنەرەكان بكەنەوە تاكو بە زانیاری نوێی مەشق بە یاریزانەكان بكەن و هەروەها یانەكان دەبێت تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوان دروستبكەن بۆ ئەوەی لە دوا رۆژ ئافرەتی كورد زیاتر پێش بكەوێت و ئەنجام بە دەستبهێنێت.
* دوا وتەت چییە؟
- دەستخۆشی لە راهێنەرەكەم مامۆستا رێبوار دەكەم، كە هۆكاری سەرەكی بوو بۆ گەیشتنم بەم ئاستە و هیوادارم یانەكان بایەخی زیاتر بە وەرزشی ئافرەتان بدەن و كردنەوەی پاڵەوانێتیەكان بەردەوام هەبێت بۆ ئەوەی ركابەری لە نێوان یانەكان و یاریزانەكان دروست بێت.
Top