بە فەرمی دان بە ماراسۆنی هەولێری نێودەوڵەتی دەنێت ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەفەرمی چووە نێو لیستی ماراسۆنە نێودەوڵەتییەكانی جیهان
گوڵان: كارزان كانەبی-دلێر ئیبراهیم
دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر و دوای سەركەوتنی هەردوو ماراسۆنی یەكەم و دووەمی هەولێری نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی، ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەفەرمی چووە نێو لیستی ماراسۆنە نێودەوڵەتییەكانی جیهان.
دەزگای "AIMS" ی نێودەوڵەتی بۆ ماراسۆن و راكردنی ماوە جیاجیا، بەفەرمی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێری وەك ماراسۆنێكی نێودەوڵەتی لە ریزی دەزگاكە قبووڵكرد، كە دامەزراوەی فەرمی دانپیانانی ماراسۆن و راكردنە جیهانییەكانە. ئەم دەستكەوتە بە هەوڵ و كۆششی عەبدولستار عیسمەت رێكخەری گشتی ماراسۆنی هەولێری نێودەوڵەتی هاتەدی.
لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا بەم بۆنەیەوە عەبدولستار عیسمەت ئاماژەی بۆ ئەوە كرد:
دانپیانانی " AIMS" بۆ ماراسۆنی هەولێر دەستكەوتێكی گرنگە، دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز تا وەرزشوانان و هەوادارانی ماراسۆن لە هەموو جیهانەوە سەردانی هەولێر بكەن بۆ بەشداری لەم ماراسۆنە جیهانییەدا، هەر لێرەشەوە سوپاسی پارێزگای هەولێر و بەتایبەتیش كاك تاهیر عەبدولڵا جێگری پارێزگار دەكەم، كە بە هاوكاری و شەونخونی بەڕێزیان ئەم دەستكەوتە هاتەدی، هەروەها سوپاسی گشت ئەو رێكخراوو لایەنانەش دەكەم كە هاوكارو پاڵپشت بوون بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە گرنگە، بەتایبەتی ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان و رێكخراوی مەسەللە و سەرجەم كەسایەتی و خۆبەخشەكان كە هاوكاربوون لەسەرخستنی ئەم پرۆژەیە. بەو هیوایەین كە لە ماراسۆنی ئەمساڵدا زۆرترین یاریزانی جیهانی بەشداری بكەن و ببێتە دەروازەیەك بۆ ناساندنی هەولێر وەك پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی 2014 ، بەو هیوایەین هەر لێرەشەوە ریكۆردێكی جیهانی بشكێندرێت.
