بەمەبەستی بەهێز كردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەی و بەدەست هێنانی ئەنجامی باشتر لە وەرزی نوێی یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان و ڕكابەری كردن لەسەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لەگەڵ یانەكانی دیكەی بەشدار لە خولی كوردستان، دەستەی كارگێڕیی یانەی هەندرێن بەردەوام لە هەوڵی بەهێز كردنی رێزی پێكهاتەی یانەكەدایە، بۆیە لەئێستادا پلانی یانەكە هێنانی یاریزانی بەتوانایە بۆیانەكە و بەهێزكردنی پێكهاتەكەیە دوای ئەوەی كە دڵشاد مەعروفیان وەكو ڕاهێنەری یانەكە دەست نیشان كرد ئێستاش بە پەیوەندی كردن توانیویانە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانا ڕازی بكەن و لە ئایندەیەكی زۆر نزیك گرێبەستیان لەگەڵدا واژۆ بكەن، لە بارەی مۆركردنی ئەو گرێبەستانەش محەمەد عەزیز ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یانەی هەندرێن بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە بەردەوامین لە بەهێزكردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەمان و بەدەست هێنانی ئەنجامی باشتر لە وەزری ڕابردوو، لە ئێستاشدا گفتو گۆكانمان چڕكردۆتەوە بۆئەوەی گرێبەست لەگەڵ پێنج یاریزان مۆربكەین لە وەرزی نوێ درێسی یانەی هەندرێن بپۆشن، گوتیشی یاریزانەكان ناتوانین ناویان ئاشكرا بكەین، بەڵام كارەكانمان لەگەڵیان بەكۆتایی هاتووە 2 یاریزان لە یانەی ئاڵا و یەكێك لە یانەی شێروانەو یەكێك لە یانەی پێشكەوتنە و یەكێكیش لە یانەی هەولێر، جگە لەم پێنجە بەنیازین دوو یاریزانی دیكەیش بهێنین لە ئێستادا لەسەر خەتین بۆئەوەی بەزووترین كات گرێبەستەكانمان لەگەڵ ئەوانیش بە كۆتایی بێت و بە نیازی ئەوەین لە داهاتوویەكی زۆر نزیك لە رێگای میدیاكان بیان ناسێنین، لەبارەی بڕی گرێبەستەكانیانیان ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ بڕە گرێبەستێك ئاشكرا بكات، تەنیا گوتی لە رۆژانی داهاتوودا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی تەواوی بڕی گرێبەستەكان ئاشكرا دەكەین، بەڵام ئێمە هەوڵمان بەردەوام دەبێت بۆ هێنانی یاریزانی باش.