لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هۆكارەكانی دەست لەكاركێشانەوەی ڕاهێنەری یانەكە ئاشكرا كران

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هۆكارەكانی دەست لەكاركێشانەوەی ڕاهێنەری یانەكە ئاشكرا كران
لە هۆڵی كۆنگرەكانی یانەی هەولێر بە ئامادەبوونی هەریەك لە دكتۆر عەبدوڵلا مەجید سەرۆكی یانەی هەولێرو رادان گاسنین ڕاهێنەری یانەی هەولێرو عومەر سەلیم بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێرو ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هۆكاری و وازهێنانی دەست لەكاركێشانەوەی ڕادانی ڕاهێنەری كرواتی ئەنجامدرا، لەسەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەشدا دكتۆر عەبدوڵلا مەجید سەرۆكی یانەی هەولێر گوتی: كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەسەر وازهێنانی كاپتن ڕادانی ڕاهێنەری یانەكەمانە، بەناوی خۆم و دەستەی كارگێڕی و یاریزانان و هاندەرانی یانەكەمان سوپاسی دەكەین كە لەماوەی ڕابردوو لەگەڵ ئێمە بەردەوام بووە، زۆر پێمان ناخۆشە كە لەگەڵ یانەكەمان بەردەوام نەبوو هەموو لایەك ئەو بڕیارەی پێ ناخۆشە هەر چەندە ئێمە لە جامی ئاسیا دوورخراینەوە بەڵام ئەوە ئەو هەڵسەنگاندن نییە بۆئەوەی كە ئەنجامان خراپ بووە زۆر یاریزانی كوردی بەسەر خستووە، بەڵام بەداخەوە هەندێك شت هەیە بەدەستی ئێمە نییە، زۆر قسەمان لەگەڵ ڕادان كردووە بۆئەوەی بەردەوام بێت لە كارەكەی هەتا ئەوەشمان پێگوت گوتمان با ئۆتۆمبێلی تایبەت یاخود بە فڕۆكە و و پاسەوانی تایبەتیشی بۆدادەنین لە یارییەكان، بەڵام ڕادان بەهۆی خراپی باری ئاسایشی بەغدا ڕادان بڕیاری كۆتاییدابوو، من ناتوانم ئیجباری ئەوە بكەم كە نابێ واز بهێنێت، چونكە من ناتوانم پارێزگاری خۆم بكەم، هەرچەندە ماوەیەكیش هێشتمەوە بۆئەوەی لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە بەڵام ڕادان گوتی پێم خۆشە وازبهێنم، لە پێش یاریی شورتە گوتی واز دەهێنم نەمانهێشت و لە یاریی كارەباش گوتم مەڕۆ بۆ یارییەكە،كاپتن ڕادان ڕاهێنەرێكی باش و بە ئەزموون بوو، بەڵام زۆر جار ڕاهێنەر یانەكەی بەجێهێشتووە و هەولێریش بەردەوام بووە، گوتیشی سەرپەرشتی مەشقی یانەكەمان بەهەریەك لە دكتۆر عومەر مەجید و عومەر سەلیم و جەلیل زێدان دەسپێرین تاكو كۆتایی خولی بژاردەی عێراقی،ئێمە وەكو یانەی هەولێریش سوپاسی ڕادان دەكەین كە بەرنامەی وابوو كە كار بۆداهاتووی یانەی هەولێر بكات، بەڵام كارەكە گۆڕا،ئێمەش پاڵپشتی یانەكە دەبین و تیپەكەمان تیپێكی باشەو دەبێت زۆر خاڵمان هەیە دەتوانین سەركەوتن بەدەست بهێنین سەركەوتنی هەولێریش بەهەوڵی هەموو لایەك دەبێت، لەلایەن خۆشییەوە كاپتن ڕادان ڕاهێنەری هەولێر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە گوتی: من بڕیاری كۆتایی خۆم داوە كە ناچمە شاری بەغدا بۆهۆی خراپی بارودۆخەكەی كە لەمانگی ڕابردوودا 1500 كەس شەهید بووینە منیش لە ژیانی خۆم دەترسم و دەست لەكاركێشانەوەشم هیچ پەیوەندی بە باری دارایی نەبووە، هەرچەندە یانەی هەولێر بڕیاری ئەوەی دابوو كە بە فڕۆكە یان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت سەفەر بكەم پاسەوانیشم بۆدابین دەكەن، بەڵام من بڕیاری كۆتایم داوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەم پاشگەز نابمەوە، هەرچەندە ئەو بڕیارە زۆر گران بوو، بۆ من بەڵام ئەو بارودۆخەم پێ نەچووە سەرێ، گوتیشی من دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتی كرواتیا لەگەڵ خێزانەكەم ژیان بەسەر دەبەم تامانگی 11و 12 هیچ بڕیارێك نادەم لە بارەی چارەنووسی خۆم، هەر چەندە كە من لە یانەی هەولێریش بووم چەندین گرێبەستم پێشكەشكرا، بەڵام یانەی هەولێرم بەجێنەهێشت، گوتیشی عومەر مەجید یەكێكە لە ڕاهێنەرە بەتواناكان و ماوەی 4 مانگ لەگەڵ من كاری كردووە ئەگەر باش نەبوایە ئەوكات بڕیاری ئەوەم دەدا كە واز بهێنێت، بەڵام ئەویش بەتەنیا ناتوانێت بەردەوام بێت دەبێت بەهەموو لایەك هاوكاری بكەن، لە بارەی داهاتووی یانەی هەولێرش دكتۆر عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی یانەی هەولێر گوتی:ئێستا بڕیاری هیچمان نەداوە بۆئەوەی بەخێرایی ڕاهێنەرێك بهێنین وزۆر لە ڕاهێنەرەكانی عێراقمان تاقیكردووە، هیچ ڕاهێنەرێك بەرپرسیاریەتی ئەم بارودۆخەی یانەی هەولێر هەڵناگرێت،جارێ ئێمە پەلە ناكەین و بڕیاری خێرا نادەین و پێویستمان بە پشتگیرییە، ئێمە هیچ ڕاهێنەرێك ناهێنین لە دەرەوە، چونكە هەر ڕاهێنەرێك بێت بارودۆخی عێراق دەزانێت دواتریش رۆژنامەنووسان چەندین پرسیاریان ئاڕاستەی هەریەك لە دكتۆر عەبدوڵلا مەجید و ڕادان گاسنین كرد.
Top