هەولێر دەستبەرداری ئەمجەد ڕازی نابێ

هەولێر دەستبەرداری ئەمجەد ڕازی نابێ
دوای ئەوەی یانەی هەولێر لە قۆناغی 16هەمی جامی یەكێتیی یانەكانی ئاسیا لەسەر دەستی یانەی شورتەی سوری كرایە دەرەوە و بێ بەش بوو لە گەیشتن بە یارییەكانی قۆناغەكانی داهاتوو، لە نێوەندەكانی وەرزشیش لە شاری بەغدا هەواڵی ئەوە بڵاو كرایەوە كە ئەمجەد ڕازی لە دوای كۆتایی هاتنی یارییەكانی خولی بژاردەی عێراقی بەیەكجاری ریزی یانەی هەولێر بەجێدەهێڵێت و بەرەو یانەیەكی دیكە دەڕوات، بەڵام كارگێڕانی یانەی هەولێر هەواڵەكەیان ڕەت كردەوە لەم بارەشەوە عومەر مەجید یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی هەولێر بۆگۆڤاری گوڵان وتی: بە فەرمی قسەمان لەگەڵ یاریزانی ناوبراو كردووە كەئێستا بەتۆماركردنی 15گۆڵ گۆڵكاری خولی بژاردەی عێراقیە، ئەمجەدیش لەلایەن خۆیەوە هەموو ئەو قسەیەی بە ناڕاست وەسف كردو وتیشی ئەوجۆرە قسانە پڕوپاگەندەیە لەسەر من و یانەی هەولێر دەكرێن، عومەر ئەوەشی ڕاگەیاند كە ئەمجەد هەر بە كوڕی یانەی هەولێر دەمێنێتەوە ئێمەش وەكو دەستەی ڕاهێنەران بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری نابین و لە یارییەكانی داهاتوو لە خولی بژاردە دەتوانێت باشترین ئاست پێشكەش بكات، ئێمەش هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ یاریزانی ناوبراو نییە، بەڵكو زۆریش خۆشحاڵە لە ریزی یانەی هەولێر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكیش ئەمجەد هەوڵی رۆیشتنی لە یانەی هەولێر ڕەت كردەوە و وتیشی هەر لە یانەكە دەمێنێتەوە.
Top