بەشدار سەربەست:بۆ یەكەمین جار لە كوردستان یانەیەكی شاری هەولێر لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب بەشدارییان كرد

بەشدار سەربەست:بۆ یەكەمین جار لە كوردستان یانەیەكی شاری هەولێر   لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب بەشدارییان كرد
بەشدار سەربەست یەكێكە لە ڕاهێنەرە لاوەكانی شاری هەولێر لە یاریی تێنسی سەرمێز بە ماوەیەكی زۆر كەم توانی شوێن پەنجەی خۆی وەكو ڕاهێنەرێكی بەتوانای سەر ئاستی كوردستان و عێراق بەدیار بخات، ماوەی دووساڵە لەگەڵ یانەی برایەتی توانیویەتی چەندین ئەنجامی بەرچاو بۆ یانەكە بەدەست بهێنیت و بۆ یەكەم جار یانەی برایەتی بگەیەنێتە پاڵەوانێتی یانەكانی وڵاتانی عەرەبی، بەشدار لە دایكبووی ساڵی 1986ی شاری هەولێرەو دەرچووی كۆلێژی ئادابە بەشی زمانی ئینگلیزی، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.
* ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز چۆنی دەبینیت بەگشتی لە كوردستان و عێراق؟
- ئەوەی ڕاستی بێت لەم دووساڵەی دوایی ئاستی تێنسی سەرمێز پێشكەوتنێكی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بە تایبەت لە شارەكانی كوردستان كە ئاستی بەرەو پێش چووە، لەم بڕوایەشم رۆژ بە رۆژ ئاستی زیاتر بەرەو پێش دەچێت و دەبێت هەموو لایەك پشتگیری ئەم یارییە بكەن لە كوردستان.
* ئەمساڵ ئەنجامەكەتان وەكو پێویست بووە هۆكاری بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەمساڵ لە قۆناغی یەكەم ئەنجاممان زۆر باش بوو لە كۆی ئەنجامدانی دە یاری لە خولەكە توانیمان تەواوی یارییەكان ببەینەوە و پلەی یەكەمی خولەكەمان بەدەست هێنا، هۆكاری سەركەوتنەكانیش لە كۆی 10 یاری دەگەڕێـتەوە بۆ یەك دەستی یاریزانان و پشتیوانی باشی دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان لە تیپی تێنس، هەوڵیش دەدەین لە قۆناغەكانی داهاتوو بتوانین ئەنجامەكانمان باشتریش بێت.
* هێنانی ئەم یاریزانە پیشەگەرانە تا چەند سوودی دەبێت بۆ وەرزشی كوردستان؟
- بێ گومان هێنانی ئەم یاریزانە پیشەگەرانە خۆی لە خۆیدا سوودێكی باشی گەیاندووە بە تێنسی سەرمێزی عێراقی، بۆیە وای كردوە یاریزانانمان زیاتر جددیتر بن لە سەر یارییەكانی خۆیان.
* نابێتە هۆكار بۆپشتگوێ خستنی یاریزانە لاوەكان؟
- نەخێر بە پێچەوانەوە بەڵكو گڕوتینێكی زیاتر و باشتری بەخشیوە بە یاریزانە لاوەكان وئەزموونی باش لەوان فێردەبن.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە؟
- لەسەر بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەكان پێویستە هۆڵێكی تایبەت دروست بكرێت بۆئەم یارییە و گرنگی باشتری پێ بدرێت لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە، ئەوكات ئاستی یارییەكە زۆر لە ئێستا باشتر دەبێت.
* هێشتا زوو نەبوو وازت لە یاریكردن هێناو رووت كردە بواری راهێنەری؟
- ئەوەی ڕاستی بێـت بۆمن هێشتا زوو بوو كە بڕیاری وازهێنان بدەم لە یاریكردن، بەڵام ئەم بڕیارە لەلای خۆم نەبوو بەڵكو شێخ قەلەندەر لە دەستەی كارگێڕی و سەرپەرشتیاری تۆپی سەرمێز لە یانەكە داوای لێ كردم منیش داواكەم قبوڵ كردو سەركەوتنیشم لە ئەركەكەم وەكو ڕاهێنەر بەدەست هێنا، پار توانیم یانەی برایەتی بكەمە دووەمی عێراقی و بەشداریمان كرد لە پاڵەوانێتیی یانەكانی عەرەب لە وڵاتی مەغریب یەكەم جاریش بوو یانەیەكی شاری هەولێر لەم پاڵەوانییەتییە بەشداربێت.
* بڕیارت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریی تێنسی سەرمێز بكەنەوە لە شاری هەولێر؟
-تا ئێستا بڕیارم نەداوە ئەم كارە ئەنجام بدەم، بەڵام ئەگەر هەموو شتێكم بۆدابین بكرێ ئەوا بەدڵنیایەوە دەتوانم كاری باشی بۆبكەم بۆ ئەوەی قوتابخانەیەكی شایستە بۆپێگەیاندنی یاریزانانی كورد دروست بكەین لە پایتەختی كوردستان.
* كێشەوگرفتان چییە لە یاری تێنسی سەرمێز؟
- كێشەی سەرەكیمان نەبوونی هۆڵێكی پێویستە بۆئەنجامدانی كارەكانی تایبەت بەم یارییە، ئەگەر هۆڵێكی تایبەت بە خۆت هەبێت دەتوانیت گرنگی زیاتر بەم یارییە بدەیت.
* بەرنامەتان چییە بۆیانەی برایەتی ؟
- لە ئێستادا كار بۆ ئەوە دەكەین كە پێشەنگی ریزبەندی یانەكانی عێراقی بەرنەدەین وبەردەوام بین لە پێشخستنی ئاستی توانای یاریزانانی یانەی برایەتی.
* بۆچی هەوڵتان نەداوە تیپ لە ئاستی كچانیش دروست بكەن؟
- ئەوەی ڕاستی بێت تیپی كچانمان هەیە بەڵام ئەنجامەكانمان وەكو پێویست نیە، هەوڵ دەدەین ئاستی ئەوانیش بەرز كەینەوە بۆ ڕكابەریی كردن لەسەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە پاڵەوانێیەتییەكان.
* پار دووەمی عێراق بوون ئەوەش ئەنجامێكی باش بوو، بۆچی هیچ پاداشتێك نەكران لەلایەن لایەنە پێوەندیدارەكانەوە؟
- نەك پاداشت نەكراین بەڵكو دەست خۆشیشمان لێ نەكراوە، بەڵام یانەكەمان هەموو شتێكی بۆ كردین.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بەردەوام وەرزشكاران بەسەر دەكاتەوە بەبێ جیاوازی شارەكانی و خزمەتی وەرزش دەكات بە گشتی.
Top